ئامادەکرانی میکانیزمی ئاڵووێری بانکی لەنێوان ئێران و هیندستاندا
سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران و باڵوێزی هیندستان لە تاران، ڕایگەیاند، میکانیزمی دراڤیی نێوان دوو وڵات ئامادەکراوە.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، لە دیداری سەرلەئێوارەی دوێنێ دووشەممەی "عەبدوناسر هیممەتی" سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران و "سوراب کومار" باڵوێزی هیند لە تاران، دوولایەن دواڕەوشی پەیوەندییە بانکی و بازرگانییەکانی ئێران و هیندیان تاووتوێ کرد.
هیممەتی و کومار هەروەها لەبارەی ئاسانکاریی بۆ کاروباری بانکی و پراکتیکی کرانی سەرمایەنانەوەی هیندستان لە بەندەری چابەهار، هەڵکەوتوو لەباشووری رۆژهەڵاتی ئێران، وتووێژیان کرد.
بەقسەی کومار، بەگوێرەی هەڵاوێردرانی حکومەتی هیند لە گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، چالاکی تیجاری وبانکی ئێران و هیندستان لە داهاتووشدا درێژەی دەبێ.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پاش ڕاگەیاندنی چوونەدەری وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە هەشتی مای ٢٠١٨، لە دوو بەشەدا، حەوتی ئاگۆست و پێنجی نۆڤمبەر گەمارۆی سەر ئێرانی گەڕاندەوە .
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی ئابلۆقە دژە ئێرانییەکان، ڕێگەی داوە بە وڵاتانی چین، هیند، کۆریای باشوور، ئیتالیا، یونان، ژاپۆن، تورکیاو تایوان هەروا درێژە بدەن بە کڕینی نەوت لە ئێران.
هیند، دووهەم ئامانجی هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانەو رۆژانە ٣٠٠هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێ.