ئاب 18, 2021 15:46 Asia/Tehran
  • دانانی دەریادار«شەھرام ئێرانی» دەربڕی متمانەی ڕابەری مەزنی شۆڕش بە بلیمەتانی کوردستانە

سەرۆکی کۆگەی نوێنەرانی کوردستان لە مەجلیسی شورای ئیسلامی: دانانی دەریادار «شەھرام ئێرانی» لە پۆستی سەرکردایەتیی ھێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە، دەربڕی سەرنجی تایبەتی و متمانەی تۆکمەوتەواوی ڕابەری مەزنی شۆڕش بە بلیمەتان و بارستایی و بەھرە مرۆڤییەکانی کوردستانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «موحسین فەتحی» ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێران بە دەربڕینی ئەمەی کە دانانی ببلیمەتانی کورد لە باڵاترین ئاستی سەربازیی وڵات، دەربڕی ڕوانگەی تایبەتی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییە بەرامبەر بە کورد، وتیشی: ئەمەی کە ڕۆڵەیەکی شیاوو ھەڵکەوتەی کورد لە لایەن ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ سەرکردایەتیی ھێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری بکرێت، گەلێک جێگای خۆشحاڵی و پێزانینە.

وتیشی: وڵامدانەوەی توانایی و بەھرە مرۆڤییەکان و خواستی جەماوەری کورد ئەویش لە باڵاترین و ھەستیارترین ئاستی لەشکریی وڵات، دەربڕی سەرنجدانی تایبەتی و متمانەی تۆکمەوتەواوی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە توانایی و بارستایی و بەھرەی ڕۆڵە شیاوو بە جەربەزەکانی ئەم ئاوو خاکەیە کە دیارە دەبێ بۆ تەواوی بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەت سەرمەشق بێت.

سەرۆکی کۆگەی نوێنەرانی کوردستان لە مەجلیسی شورای ئیسلامی وتیشی: سپاردنی پۆست و پلە لەوەھا ئاستێکدا، ھەموو شتێک بۆ دامەزراوە حکومەتی و کارگێڕییەکانی دیکە بە تایبەت دەوڵەتی ھەڵبژاردەی سیانزەھەم یەکلایی دەکاتەوەو بە سەرنجدانی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری بەڕێز ئایەتووڵڵا ڕەییسی گەلێک جار جەختی لە بێ لایەنی و جەماوەری بوونی دەوڵەتەکەی کردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەڕێزیشی بە پەیڕەوی کردن و سەرمەشق وەرگرتن لە پێشەوای خۆی «ڕابەری مەزنی شۆڕسی ئیسلامی»، ئەوپەڕی سەرنجدان و باوەڕو متمانە پێکردنی بەرامبەر بلیمەتانی سوننە بە تایبەت ڕۆڵەکانی کوردستان و توانایی ئاشکرا نەبووەکانی ئەم ناوچانە ھەبێت.

«موحسین فەتحی» وتیشی: دیاری کرانی بلیمەتێکی کورد بۆ لە ئاستێکی باڵای لەشکری و سەربازی وەکو ھەواڵێکی شادی بەخش، دەبێتە ھۆی گەشانەوەو پێ خۆش بوون و بووژانەوەی ھیوا لە نێو جەماوەری کوردستان و ئاواتەخوازین ئەم ھەنگاوە وەرزێکی تازە بێت لە ڕووی سەرنجدان و ئاوڕدانەوەی ناوەندنشینان و کاربەدەستانی باڵای حکومەت بەرامبەر بە ھەڵسوڕاوە چالاک و شیاوەکانی سوننەو بە تایبەت بلیمەتان و کەسانی خاوەن بەھرەی کورد.

سەرۆکی کۆگەی نوێنەرانی کوردستان لە مەجلیسی شورای ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە نوێنەرانی مەجلیس و بلیمەتانی کورد بە گەرمی پێشوازی لەم ھەنگاوە شیاوو گونجاوە دەکەن، جەختی کرد: کوردستان بارستایی و بەزرەی شاراوەی مرۆڤی و بەڕێوەبەرایەتیی زۆری ھەیە کە دەتوانن لە ئاستی نیشتمانی دا بۆ تەواوی ئێرانییەکان ببێتە سەرچاوەی خێروخزمەت و دیارە دەریادار «شەھرام ئێرانی» تەنیا نمونەیەکی ئەو بارستاییە بەرفراوانەیە.

سەرپەیڤ