May 04, 2022 11:13 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەر ھاوکارییەکانی دوو وڵات لە مەڕ پاراستنی ژینگەو بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ھاوبەشە ئاوییەکان پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی ئێران و «مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لە بارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیی دوو لایەنەو ھێندێک کاروباری ناوچەیی و نێونەتەوەیی بیروڕایان گۆڕییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی ڕەمەزان، بەردەوامیی گەشتی کاربەدەستانی باڵای دوو وڵاتی لە ئاراستەی گەشەو پەرە پێ دانی زیاتری پەیوەندییەکانی تاران و ئانکارا بە پێویست زانی.

«ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وێڕای ئاماژە کردن بە داڕێژرانی بەرنامە بۆ بەرپاکرانی حەوتەمین دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای ھاوکاریی ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا، وتی: بەرپاکرانی ئەم دانیشتنە ھەنگاوێکی گرینگە لە بەرەوپێش چوونی پەیوەندی و وەدی ھاتنی بەرژەوەندیی ھەردووک دوو وڵات و نەتەوەکەو پەرە سەندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان.

«مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی تورکیاش وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی ڕەمەزان لە «ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» و گەل و دەوڵەتی ئێران،لە سەر پێویستیی ھەڵگیرانی ھەنگاوی کاریگەرو ھەست پێ کراو لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی پەیوەندیی باش و دۆستانەی نێوان ھەردووک وڵات پێی داگرت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەروەھا لە سەر ئامادە بوونی وڵاتەکەی بۆ بەرپاکردنی ھەرچی خێراتری حەوتەمین دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای ھاوکاریی ستراتژیی دوو لایەنەو داڕشتنی بەرنامە بۆ گەشتی ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاران جەختی کرد.

سەرپەیڤ