ته‌مووز 27, 2022 13:55 Asia/Tehran
  • ئەمیرعەبدوڵڵاھییان: بوونی زایونییەکان لە ناوچەکە ھۆکاری تێکچوونی سەقام و ئاسایشتە

«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی چوارشەممە لە وتووێژێ کی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەھیان» وەزیری دەرەوەی ئیمارات وتی: بوونی زایونییەکان لە ناوچەکە ھۆکاری تێکچوونی سەقام و ئاسایشتە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھیەواڵدەریی ئێران پرێس، «ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا بوونی ڕژێمی داگیرکەری قودسی لە ناوچەکەدا بە ھۆکاری تێکچوونی سەقام و ئاسایشت زانی و وتیشی: ڕژێمی زایونی ھەوڵی دا ھەتا دانیشتنی ئەم دواییەی جەددە بکات بە قەیرانێک لە ناوچەکەدا، بەڵام بە تەگبیرمەندیی وڵاتانی بەشدارڕی ناوچەکە، زیاتر لە سەر پرسی ھاوکاریی ناوچەیی و پێشکەوتن و ئاسایشت چڕ بوونەوە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕوانگەی ئەرێنیی کاربەدەستانی باڵای ئێران و ئیمارات بەرامبەر بە پەیوەندییەکانیان، لە بەرز کرانەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی دوو وڵات پێشوازیی کردو بە ھەنگاوێکی گرینگی زانی لە ئاراستەی پەرە پێ دانی پەیوەندیی دوو لایەنە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاھیان» لە پەیوەندی لەگەڵ دانوستانی ھەڵگیرانی بایکۆتەکانیش وتی: یەکێتیی ئەورووپا لە سەر ھەوڵەکانی خۆی بۆ بە ئەنجام گەییشتنی دانوستانەکان بەردەوام دەبێ و ئێمە بۆ گەییشتن بە دەرەنجامێکی باش و پاوەجێ مکوڕین.

وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا، وێڕای ئاماژە کردن بە بەرژەوەندیی ھاوبەشی دوو وڵات لە مەڕ پەرە پێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەرز کردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی گرینگایەتیی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە دراوسێیەو ھۆگریی ھەردووک نەتەوەی دۆست و برا و خواستی کاربەدەستانی باڵای دوو وڵات بۆ ئەم ئامانجە لێک دایەوە.

«عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەھیان» لە درێژەدا وتیشی: گومانمان لەوەدا نییە کە نەک ھەر دەتوانین گەرم و گوڕییەکەی جاران لە نێوان دوو وڵات ببووژێنینەوە، بەڵکو دەشتوانین ئاسۆی تازەتریش لە بەردەم ھەردووک لا بکەینەوە، بە تایبەت لەم ھەل و مەرجەی وا ڕووبەڕووی گرفتی جۆربەجۆرین لە ناوچەکەدا لەوانە بابەتگەلی پەیوەست بە ژینگەو کەش و ھەوا.

«عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەھیان» لە کۆتایی دا جەختی لەوەش کردەوە کە، بۆ ئێمە سەقام و ئاشتی و سەربەرزیی ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێ و برا گەلێک گرینگە، چونکو شوێنێکی ئەرێنی لە سەر وڵاتی ئێمەش دادەنێت و بە ھیواین کە لە داھاتوودا بتوانین ھەنگاوگەلی بەرزتر بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی دوو وڵات ھەڵگرین.

سەرپەیڤ