تشرینی دووه‌م 16, 2022 16:25 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی شاندە ئابوورییە سەدکەسیەکەی ڕووسیا لەگەڵ بازرگانانی ئێرانی لە تاران دا بەڕێوە چوو

کۆبوونەوەی بازرگانیی نێوان ئێران و ڕووسیا بە ئامادەبوونی شاندێکی ١٠٠ کەسی کە پێکهاتبوون لە کۆمپانیا بازرگانی و ئابوورییە چالاکەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، و بازرگانی و هەروەها بەڕێوەبەرانی باڵا و نوێنەری کۆمپانیا چالاکە ئێرانییەکان لە بواری بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا، بەرپا کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، پێش دەستپێکرانی فەرمیی کۆبوونەوەی گەورەی بازرگانیی نێوان ئێران و ڕووسیا کە لەلایەن ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگاو کشتوکاڵی ئێرانەوە ڕێکخرابوو، «غوڵامحسێن شافعی» سەرۆکی ژووری ئێران و«سێرگێئی کاترین» سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ڕووسیا لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا،وێڕای پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات، گرینگترین تەوەرەکانی بەرنامەی کاری ھاوکاریی بازرگانیی نێوان دوو وڵات لەوانە، ڕێڕەوی باکوور بۆ باشوور، گومرگ، گواستنەوە، دەریاوانی لە خەزەر، ڕێگای ئاسن، کاروباری بانکی، سەرمایەنانەوە، ھاوکاریی پارێزگایی و ھاریکاری لە چوارچێوەی یەکێتیی ئابووریی ئوراسیایان خستەبەر باس و لێکدانەوە.

«مەهدی سەفەری»، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسیی ئابوورییش وێڕای،بە گرینگ زانینی ئەم کۆبوونەوە ئابوورییە، ئیرادەی جیددی سەرۆکانی دوو وڵاتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا ئاشکرا کردو ئەو کار و ڕاوێژانەی کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات ئەنجام دراون ڕوون کردەوەو ئینجا وتی: بەستێن و بواری پێویست لە بواری جۆربەجۆری وەک گواستنەوە بەھۆی ڕێگای ئاسن و دەریاو جاددە، ئاسانکاری لە کاروباری گومرگ،ترانزیت، پێکھێنانی ژێرخانی پێویستی بەندەری و ڕێگای ئاسن، سەرمایەنانەوە، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەو کاروباری دراڤی و بانکی و ھتد.... لە ئاراستەی ھاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا ئامادەیە.

«سێرگێئی کاترین» سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ڕووسیاش لە سەر بابەتی گرینگی گواستنەوەی ڕێڕەوەکان و ئاسانکاری بۆ دراڤە نیشتیمانییەکانی هەردوو وڵات وەک دوو بابەتی گرنگ کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی و هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا جەختی کرد.

سەرپەیڤ