ئەمیر عەبدوڵڵاھیان گەییشتە لوبنان
«حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی دیدار و ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی لوبنانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە گەییشتە فڕۆکەخانەی بەیروتی پێتەختی ئەم وڵاتە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی گەییشتن بە لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم گەشتەی لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی لوبنان بە ئامانجی ڕاوێژی دوو قۆڵی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەنجام داوە، لەوانە ڕاوێژ سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠١٩ فەلەستین.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گومانمان نییە کە ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی لوبنان دەتوانن بە شێوەیەکی لێهاتوو و بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی سەرۆکەکەیان دەستنیشان بکەن.
بەڕێزی داوای لە هەموو ڕەوتە سیاسییەکانی لوبنان کرد، سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن و پڕۆسەی سیاسی لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتنەوە تەواو بکەن و ڕاشیگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوپەڕی ھێزەوە بەردەوامە لە پاڵپشتی کردنی خەڵک و حکومەت و خۆڕاگری لە لوبنان دا.
دیدارو وتووێژ لەگەڵ هاوتای لوبنانی و بەرپرسانی باڵای دیکەی لوبنان لە بەرنامەی گەشتی وەزیری دەرەوەی ئێراندایەو لەم دیدارانەشدا بابەتی جێی سەرنجی دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی دوو قۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تاوتوێ و ئاڵوگۆڕ دەکرێن.