فەرمانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران
جێگری کاروباری سیاسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی باسی فەرمانی سەرۆک کۆماری کرد لەمەڕ بەدواداچوون بۆ هێرشە چەکدارییەکەی سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران .
لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینیی کەسێکی چەکدار بۆ سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، بەرپرسی پاسەوانی باڵوێزخانەکە کوژرا و دوو پاسەوانی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، «محەمەد جەمشیدی» جێگری کاروباری سیاسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی:ڕووداوە تاڵەکەی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتی دۆست و برا کۆماری ئازەربایجان لە تاران ئیدانە دەکرێت.
جەمشیدی وتیشی: سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕاستەوخۆ دوای بیستنی ئەم هەواڵە دڵتەزێنە فەرمانی بۆلێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە لەو پرسە دەرکرد.
«ناسر کەنعانی چافی»، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەندامە کوژراوەکەی ئەو باڵوێزخانەیە و هەروەها حکومەت و گەلی کۆماری ئازەربایجان وتیشی : بە فەرمانی تایبەتی کاربەدەستانی سیاسی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بابەتەکە بە ھەستیارییەکی باڵاوە خەریکە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بەمەبەستی ڕوون بوونەوەی ڕەهەندەکانی ئەم کارە و پاڵنەرەکانی کەسی ھێرشبەر.