ڕەئیسی: سەردانەکەی لوکاشینکۆ خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانی ئێران و بیلاڕوس
لە ڕێوڕەسمی واژۆکرانی یاداشتنامەی لێکگەییشتنی هاوکاریی نێوان تاران و مینسک، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەردانی سەرۆک کۆماری بێلاڕوسی بۆ تارانی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان زانی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە لەم ڕێوڕەسمەدا بە ئاماژە بە مێژووی سی ساڵەی پەیوەندییەکانی ئێران و بێلاڕووس و پێکهاتنی "رێککەوتنی نەخشەی هەمەلایەنە" لە نێوان هەردوو وڵات، وتی:ئەم نەخشە ڕێگایە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت مەرجەکانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە داهاتوودا دیاری بکات، بەتایبەت بەو دیدە ستراتیژییەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
«ڕەئیسی» بە جەختکردنەوە لەسەر پێشکەوتنەکانی ئێران سەرەڕای گەمارۆو بایکۆتەکانی دوژمنان، ڕایگەیاند: سەرەڕای هەڕەشەو گەمارۆکان کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی هەنگاوی گەورە بەرەو پێشکەوتن بنێت و لە گەمارۆکان دا دەرفەتی بۆ خۆی ڕەخساندووە. ئێمە ئامادەین ئەزمونەکانی خۆمان لەم سەردەمەدا لەگەڵ وڵاتی دۆست و برادەری بێلاڕووس، دابەش بکەین.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا بە ئاماژە بە دژایەتیی ئێران لە گەڵ سیاسەتی تاکلایەنە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جەختی کرد: هەردووک وڵات دژی تاکلایەنەن و پێیان وایە وڵاتانی سەربەخۆ دەتوانن پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت، ئەمەش ئەو ڕێگایەیە کە هەم بایکۆتەکان پووچەڵ دەکاتەوەو ھەم دەکرێت بەستێنێکی باش بێت بۆ ئاڵووێرکردنی تواناکان لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە سەربەخۆن و ڕوو لە پێشکەوتنن.
«ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ» سەرۆک کۆماری بیلاڕووسیش لە ڕێوڕەسمی واژۆکرانی یاداشتنامەی لێکگەییشتنی نێوان هەردوو وڵات ، وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە حەڤدە ساڵ بەسەر دوایین سەردانەکەی بۆ تاران تێپەڕیوە جەختی لەوە کردەوە کە: هیچ سزایەک و هیچ فشارێک نەتوانراوە پێشکەوتنی نەتەوەی ئێران بوەستێنێ و ئەمەش ڕاستییەکە کە ئێرانێکی سەربەخۆ و بەهێز لەسەر ڕێگای خۆی بەردەوامە.
«لوکاشینکۆ» بە ئاماژەدان بە ڕەھەندە تێروتەسەلەکانی ئەو پرسانەی کە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و بیلاڕووس و ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان دوو وڵات باسکراون، هیوای خواست کە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئامانجی قەبارەی بازرگانی دوو قۆڵی ھەتا ئاستی سەد ملیۆن دۆلار مسۆگەر وەدی بێت.
سەرۆک کۆماری بیلاڕووس سەبارەت بەڕۆڵی گەمارۆکان لەگەشەپێدانی وڵاتانیش،وتی: بایکۆت قۆناغ و سەردەمی دەرفەتەکانەو ئەم دەرفەتەش کە بۆ ھەردووک وڵات ڕەخساوە نابێت لەکیس بچێت.