وتەبێژی حکومەتی ئێران: کردەوەی ناحەزان دژی ئێران لەناو دەچێت و هەڵدەوەشێتەوە
وتەبێژی حکومەتی ئێران وتی: هەموو کردەوەیەکی ناحەزانی دژ بە پێشکەوتن، سەروەری و یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی نەتەوەی ئێران لە ناو دەچێت و دابەش دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن، «عەلی بەهادریی جەهرومی» وتەبێژی حکومەتی ئێران بە ئاماژەدان بە ساڵڕۆژی شکستی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر «تەبەس» لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئایا ئامادەکارییەکی سەربازی جددی بێت یان هاوپەیمانییەکی سیاسی گاڵتەجاڕانە و بەگشتی ھەر ھەنگاوێکی ناحەزانە دژی پێشکەوتن، سەروەری و یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی نەتەوەی ئێران لە ناو دەچێت و دابەش دەبێت و ئێرانی ئیسلامی ڕۆژ له دوای ڕۆژ به هێزتر دەبێت.
ئەمڕۆ ٢٥ی ئاپریلی ٢٠٢٣ ساڵڕۆژی شکستی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە لە بیابانی «تەبەس» لە ڕۆژهەڵاتی ئێران دا.
حکومەتی ئەمریکا کە لە فێڵ و تەڵەکە جۆربەجۆرەکانی بۆ شکست پێ ھێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتوو نەبوو، بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو سیخوڕانەی کە لە ٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩ لە مەکۆی هێلانەی سیخوڕیی ئەمریکا «باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران» دەستگیرکرابوون، هێرشی کردە سەر ئێران .
"ڤیلیام سولیڤان" باڵوێزی ئەو کاتی ئەمریکا لە تاران، هێرشی سەربازیی ئەمریکای بۆ سەر ئێران لە بیابانی تەبەسی وەک سەردەمی سەرشۆڕیی نەتەوەیی ئەمریکا ناو بردو وتی: "شێوازی سستەک و بێ دەربەستی حکومەتی «کارتەر» و کردەوە ناژیرانەکانی، بەبارمتەگیرانی ئەندامانی باڵوێزخانەی ئەمریکای لێ کەوتەوەو ئا بەمجۆرە سەردەمی سەرشۆڕیی نەتەوەیی ئەمریکا کە لە مێژوودا نمونەی نییەو دەگمەنە، دەستی پێ کرا.