ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ سوریا دەرکەوتەی سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی حکومەتە لە یەکگرتنی ناوچەیی دا
وەزیری دەرەوەی ئێران ، سەردانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سووریای، سەرەڕای گرنگایەتییەکەی لە ڕووی سیاسی، ئەمنیەتی و ئابوورییەوە، بە نیشانەی دەرەنجامی ئیرادەی سیاسیی خۆڕاگری و سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی حکومەت لە تۆکمەکرانی پرۆسەی یەکگرتنی ناوچەیی زانی.
«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، لە توییتێکدا، بە ئاماژە بە سەردانی «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریا، ڕایگەیاند: گرنگایەتیی ئەم سەردانە، جگە لە بواری سیاسی، ئاسایشتی و ئابووری، سەرکەوتنی ئیرادەی سیاسی بەرخۆدان و سەرگرتنی دیپلۆماسیەتی حکومەت لە تۆکمەکردنی پرۆسەی یەکگرتنیش دەر دەخات.
ئەمڕۆ چوارشەممە «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای بەرپرسانی سیاسی و ئابووری سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و شاندەکەی یاوەری لە سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ سووریا سەبارەت بە ڕێگاکانی چەسپاندن و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و فراوانکردن و باشترکردنی ئاستی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سووریا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕاوێژ دەکەن .
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەروەها لە دانیشتنی هاوبەشی بازرگانانی ئێران و سووریاش، باسی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات دەکات.
دیدار و وتووێژ لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی سووریاو سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی ئەم وڵاتە لە پلانەکانی دیکەی گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریایە.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریایە دوای ١٣ ساڵ.