وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمریکا مافی مرۆڤی کردۆتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی جەنایتکاری ئیسراییل
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا و چەند وڵاتێکی کەمهەژمار، ڕێکخراوی نەتەوەکانیان بە بارمەتە گرتووە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤیان کردۆتە قوربانیی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ڕەگەزپەرست و جەنایەتکاری ئیسراییل.
"ناسر کەنعانی چافی" لە کاردانەوە بە پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردوگای جەبالیا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەگەلێک لەم ئۆردوگایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: کاولبوونی ئۆردوگای ئەلبەریج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، پاش پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی پیشاندەری ئەوپەڕی جەنایەت و قەڵاچووکرانی خەڵکی زوڵم لێکراوی فەلەستینە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند: زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان، حکوومەتەکان و گەلانی جیهان خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕ و کۆتایی هاتنی پەلامارە کاولکەر و شێتانەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی بێدەرەتانی فەلەستین لە کەرتی غەززەن، حکوومەتی ئەمریکا و چەند حکوومەتێکی ئەورووپایی نەبێ کە بەردەوام بە دروشمی درۆینەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەست وەردەدەن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە.
کەنعانی چافی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیار و کەمهەژمار، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەیانە بە بارمەتە گرتووە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤیان کردۆتە قوربانیی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ڕەگەزپەرست و جەنایتکاری ئیسراییل.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کرد؛ کاربەدەستانی حکوومەتی ئەمریکا و پشتیوانەکانی هەر ئەوەندەی کاربەدەستانی ڕژێمی زایۆنی دەستیان هەیە لە ئەنجامدرانی ئەو هەموو جەنایەتە جەنگییەی لە کەرتی غەزە دەقەومێت و دەبێ وەڵامدەر بن.
ڕژێمی زایۆنی سەرباری داخوازی بەربڵاوی جیهانی بۆ دامەزرانی ئاگربڕێکی خێرا لە کەرتی غەززە ، ئێستاش هەر سوورە لەسەر پەلاماری شێتانەی بۆ سەر خەڵکی مەزڵووم و بێدەرەتانی فەلەستین لەم ناوچەیەدا.