وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاکاری نامرۆیی ڕژێمی ئیسراییل لە غەززە شوناسێکی داعشیانەی هەیە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کردەوە و ئاکاری نامرۆییانەی ڕژێمی زایۆنی بەرامبەر بە شاروومەندانی بەدیلگیراوی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، نموونە و نیشانەیەکی زەقە لە شوناسیی داعشیانەی ئەم ڕژێمە.
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵادا بە ناوەڕۆکی "ڕەوشی مافی مرۆڤ لە فەلەستینی داگیرکراو، ئاگادارینامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانە نێودەوڵەتییەکان"، بە ئامادەبوونی ژمارێک وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتی باڵای وڵاتانی جۆراوجۆر لەوان چەن وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی، ڕوانگەی ئێران سەبارەت بە ڕەوشی قەیرانیی فەلەستین و باروودۆخی جێی نیگەرانیی کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا بە هۆی بەردەوام بوونی پەلامارە جەنایەتکارانەکانی ڕژێمی زایۆنیی شی کردوە و کردەوەکانی دوو مانگی ڕابردووی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززەی لە نموونە بەرچاوەکانی جەنایەتی جەنگی و ژینۆساید هێنایە ئەژمار.
ئەمیرعەبدوڵاهیان هەروەها هەنگاوی بنیاتنەر بۆ کۆتایی هێنانی خێرای پەلامارەکانی ڕژێمی ئیسراییل دژی کەرتی غەزە و راگرتنی جەنایەتەکانی ئەم ڕژێمە لە کەرتی ڕۆژاوا و نێردرانی خێرای یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی بە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش زانی کە خێرا دەبێ بەجێی بێنن. ناوبراو ئاکاری نامرۆییانەی ڕژێمی ئیسراییل دژ بە شاروومەندانی ئەسیری فەلەستنینی لە کەرتی غەززەی بە نموونە و نیشانەیەک لە شوناسی داعشییانەی ڕژێمی ئیسراییل هێنایە ئەژمار و پێی داگرت؛ خێرا نەجووڵانەوە بۆ کۆتایی پێهێنانی پەلامارە دڕندانەکانی ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسراییل دژی شاروومەندانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بازنەی ئەم شەڕە گەلێک لەوەی ئێستا بەربڵاوتر ببێ لە ناوچەکەدا.