سەفەری بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر
ژێدەرە هەواڵییەکان ڕاپۆرتیان دا کە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەفەری بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ژێدەرە هەواڵییەکان؛ عەلی باقری بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سبەی پێنجشەممە سەردانی بەغدا دەکات و پاشان لەوێوە دەڕوات بۆ هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقیش. بە پێی راپۆرتی ئیسنا؛ عەلی باقری لە سەفەرێکی ناوچەییەدا سەرلەبەیانی پێنجشەممە سەردانی عێراق دەکات و لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆک پەرلەمان، سەرۆی دەزگەی داد، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و کەسایەتییە عێراقییەکانی دیکە دیدار و وتوێژی دەبێ و ڕۆژی هەینیش سەردانی هەولێر دەکات و لەو شارەدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وتووێژ و ڕاوێژ دەکات.
پێشتر "محەممەد کازم ئال سادق" باڵوێزی ئێران لە عێراق لە وتووێژ لەگەڵ ئیسنا لە پێوەندی لەگەڵ سەفەری عەلی باقری بۆ ئەم وڵاتە دراوسێیە وتی: بە پێی پلانی داڕێژراو، بەڕێز باقری لەم هەفتەیەدا سەردانێکی دوو ڕۆژەی دەبێ بۆ عێراق.