ئەمریکا بایەخ نادات بە یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤ
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژێمی زایۆنی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها چوارچێوەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی بنپێکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند؛ داکۆکیی بێ شەرت و مەرجی ئەمریکا و حکومەتەکانی دیکەی ڕۆژاوایی لە ڕژێمی زایۆنی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیای کردووە بە قەیراناویترین ناوچەی جیهان لە بواری بنپێکرانی مافی مرۆڤەوە بە تایبەت لە بواری قوربانیانی مەدەنیی ژن و منداڵ بە هۆی شەڕنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە خۆوەردانی ئاشکرا و شاراوەی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و هەروەها تێکدانی هەموو پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی نیشتمانی و خستنە بن گوشاری وڵاتانی سەربەخۆ لەژێر ناوی بەرگری لە مافی مرۆڤ پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و ئەمڕۆ سیاسەتی دووفاقی و قازانجخوازانە کە هەر کردەوەیەکی دژە مرۆیی ئەنجام دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە زێدە خواز و پاوانخوازەکانی خۆی بۆ هەمووان دەرکەوتووە و ئاشکرایە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ئێران وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆی ئیسلامی بەردەوام سوور و پێداگر بووە لەسەر لە قاودانی حاڵەتەکانی بنپێکرانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەی کە لەژێر ناوی بەرگری لە مافی مرۆڤدا خۆیان حەشار داوە و خەریکی هەڵقۆستنەوە و بوارخۆشکردنن بۆ خۆوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان.