بەقایی :کەڵک وەرگرتنی ئاشتیانە لە وزەی ناڤۆکی مافی یاسایی ئێرانە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی : هەڵوێستی بنەڕەتی ئێران سەبارەت بە کەڵک وەرگرتنی ئاشتیانە لە وزەی ناڤۆکی مافی یاسایی و ڕەوای خۆیەتی.
ئیسماعیل بەقایی لە پرێس کونفڕانسی هەفتانەی خۆیدا لە کاردانەوە بە هەڵوێستەکانی ترەمپ سەبارەت بە داخرانی پیشەسازی ئەتۆمی ئێران وتی: هەڵوێستی ئێمە و چوارچێوەی ئەو پرەنسیپانەی کە لەسەری چووینە ناو دیالۆگەوە، نەگۆڕە. ئەوەی ڕوونە هەڵوێستە بنەڕیتییەکانی ئێران سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، مافێکی یاساییە. ئێمە ناتوانین لایەنی پەیماننامەیەک بین و تەنیا ئەرکەکانی قبوڵ بکەین بەبێ ئەوەی کەڵک لەو مافانە وەربگرین کە لە پەیماننامەکەدا هاتووە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پەلامارەکانی سەر یەمەن و تۆمەتەکانی سەر ئێران وتی: تۆمەتەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتەکانی پێشوون. ئێران لە ناوچەکەدا پێویستی بە هێزی نیابەتی نییە . وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشە سەربازییەکانی دژی ئێران وتی: ئێمە بە هەموو توانامانەوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە و ئەگەر هەر کردەوەیک لە خاکی وڵاتێکەوە دژی ئێران ئەنجام بدرێت، ئەو شوێنە دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا بۆ ئێمە بۆ بەرگری لە خۆمان.