بۆمبا ئەتۆمییە ون بووەکان، ئەو بۆسەگەلەی کە کەس نازانێ لە کوێ دانراون
ئەمریکا لانیکەم سێ بۆمبی لەدەست داوە کە هەرگیز نەدۆزراونەتەوە. ئەم بۆمبانە هێشتا لە شوێنێکدان؛ بەڵام لەکوێ؟ ئەمە چۆن ڕوویدا؟ ئەم بۆمبانە دەتوانن لە کوێ بن؟ ئایا ڕۆژێک دەدۆزرێنەوە؟
ماڵپەڕی بەشی فارسیی کەناڵی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکی ورد و قووڵدا ڕووداوەکانی پەیوەست بە دیارنەمانی چەک و بۆمبای ئەتۆمیی شی کردووەتەوە. لە بەشێک لەم دەقە شیکراوەیەدا ھاتووە: لە ١٧ی ژانویەی ١٩٦٦، نزیکەی کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی، ماسیگرێکی ئیسپانی بینی کە پاکەتێکی سپی و چرچ و لۆچ لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە و بە بێدەنگی بەرەو دەریای «ئەلبۆران» دەڕوات. شتێک بە بن پاکەتەکەوە بوو؛ بەڵام نەیزانی چییە. پاشان کەوتە ناو ئاوەکەوە.
لە هەمان کاتدا لە ناوەندی ماسیگرتنی «پالۆمارێس» کە لە نزیکانە بوو، دانیشتوانی ناوچەکە سەیری ئاسمانیان کرد و دیمەنێکی زۆر جیاوازیان بینی- دوو تۆپی ئاگرینی زەبەلاح بەرەو لایان دەهات. دوای چەند چرکەیەک بێدەنگیی ئەو ناوەندە شکاو ماڵ و باڵەخانەکان لەرینەوە. پڵاشەو گولە زەویی داگرت. ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لەسەر زەوی پەرش و بڵاو بوونەوە. چەند هەفتەیەک بوو کە ڕۆژنامەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەندێک دەنگۆیان لەسەر ڕووداوێکی ترسناک بڵاودەکردەوە؛ دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە ئاسمانەکاندا بەیەکدا ھەڵتەقین و چوار بۆمبای ئەتۆمیی گەرمایی بی ٢٨ بەسەر «پالۆمارێس»دا کەوتنە خوارەوە. سیانیان بە خێرایی لەسەر وشکانی دۆزرانەوە، بەڵام یەکێکیان لە ئاوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتدا ون بوو. گەڕان بە دوای بۆمباکە لەگەڵ کڵاڤۆکە 1.1 مێگاتۆنییەکەی بە توانای تەقینەوەی 11,000,000 تۆن تی ئێن تی بەردەوام بوو. وەک باسی دەکرێت گوایە بۆمبا ونبووەکانی پالۆمارێس ٣.٢ کیلۆگرام پلۆتۆنیۆمیان لە سروشتدا ئازاد کردووە.
لە ڕاستیدا ڕووداوی پالۆمارێس تاکە حاڵەتی ون بوونی چەکی ئەتۆمی نییە. لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لانیکەم ٣٢ حاڵەتی بەناو "ڕمی شکاو" ڕووی داوە.
ڕووداوەگەلێک کە شوێنەواری ئەم چەکە وێرانکەر و زەوی کونکەرەیان تیادا دەرکەوتووە. بەڵام لە ئێستادا سێ بۆمبای ئەمریکی بە تەواوی نەماون - هێشتا لە شوێنێکدان و بوونەتە بۆسەیەک دژی ژیانی مرۆڤ لە بیابان و کێڵگە و زەریاکان لە سەرتاسەری هەسارەکەدا.
ھەڵبەت ڕابردووی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤیەتیش ھێندە ڕوون نییە، ئەم وڵاتە تا ساڵی ١٩٨٦، بە تێکڕایی ٤٥ هەزار چەکی ئەتۆمیی هەبوو. باسی ئەوە دەکرێت کە ئەم وڵاتەش بۆمبای ئەتۆمیی وای لێ ون بووە کە هەرگیز نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ڕووداوەکانی ئەمریکا، هەموویان لەسەر ژێردەریاییەکان ڕوویانداوەو شوێنەکەیان تەنانەت ئەگەر دوورە دەستیش بن دیارییە.
یەکێک لەو ڕووداوانە کە لە ٨ی نیسانی ١٩٧٠ ڕوویدا ئەمە بوو کە ئاگر لە سیستەمی هەواگۆڕکێی ژێردەریایییەکی ئەتۆمی K-8ی سۆڤیەت کە لە کەنداوی بیسکای ژێرئاوکەوتبوو، بەر درا. کەنداوی بیسکای ئاوەڕێیەکی مەترسیدارە لە زەریای ئەتڵەسی لە نزیک کەناراوەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا کە چەندین کەشتی لەوێ نوقم ببوون. ئەم ژێردەریاییە چوار ژێردەریایی ئەتۆمی هەبوو و کاتێک نوقم بوو باری تیشکدەرەکەشی لەگەڵ خۆی برد.
لە ساڵی ١٩٦٨ ژێردەریایی K-129 ی سۆڤیەت بە شێوەیەکی نهێنی لە زەریای هێمن لە باکووری ڕۆژئاوای هاوایی لەگەڵ سێ مووشەکی ئەتۆمیدا نوقم بوو. وەک دەڵێن، هەر زوو ئەمریکا پێی زانی و بڕیاری دا بە نهێنی بە دوای ئەو دەستکەوتە ئەتۆمیەدا بگەڕێت ،کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکی شێتانە بوو.
هەندێک ڕووداو ئەوەندە شۆککەر و شێتانەن،کە دەڵێی کەسێک لە خۆیەوە ھەڵبیبەستووە. ڕەنگە یەکێک لە ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان کاتێک ڕوویدا بێت کە کەشتیی جەنگی USS Ticonderoga لە ساڵی ١٩٦٥ لە کاتی مەشقی سەربازیدا تووشی کێشە بوو. فڕۆکەیەکی جەنگی سکای هۆکی (ئا _٤_ئەی) کە بۆمبای ئەتۆمی B-43ی هەڵگرتبوو، توشی کێشە ھات. کارگێڕانی کەشتییەکەی لە ناکاو ھەستیان کرد کە فڕۆکەکە ھێندەی نەماوە کە داکەوێت و دەستیان بۆ فڕۆکەوانەکە ڕاوەشاند کرد بۆ ئەوەی ڕایگرێت. بەڵام فڕۆکەوانەکە هەستی پێنەکرد و لەگەڵ فڕۆکەکە و چەکەکانی هاوپێچی لە دەریای فلیپین ون بوو. ئەوانەش هێشتا لە قووڵایی ٤٩٠٠ مەتریی دوورگەیەک لە ژاپۆندان.
لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سیدا باس لە چەند ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوە کراوە کە پەیوەندییان بە وڵاتانی جیاواز و لە بوارە جیاوازەکاندا هەبووە.
«جێفری لویس»، بەڕێوەبەری بەرنامەی قەدەغەی پەرەسەندنی چەکوچۆڵی ئەتۆمیی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە سەنتەری جەیمس مارتن بۆ لێکۆڵینەوە لە نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت: "ئێمە زیاتر لەبارەی نمونەی ئەمریکیی ئەم ڕووداوانەوە دەزانین . ئەم پێڕستەش تەنیا کاتێک ئاشکرا بوو کە پوختەیەکی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە ئامادەکرابوو لە دەیەی ١٩٨٠ دا لە پۆلێنبەندیی نھێنی ھاتە دەرەوەو درکێندرا.
لویس دەڵێت: ئێمە لەبارەی وڵاتانی دیکەوە زانیارییەکی ئەوتۆمان نییە. ئێمە ھەر بە ڕاستی هیچ لەبارەی بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا و چینەوە نازانین. ھەر بۆیە پێموانییە ژمارەیەکی وردو ڕێک و پێکمان لە لا بێت.