باوباپیرانی نیوەی خەڵکی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا ئێرانین
بەپێی شیکاری بۆماوەیی توێژەرانی زانکۆی فلۆریدای باشووری و هارڤارد، باوباپیرانی نیوەی خەڵکی سەواحیلی لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، بازرگانانی ئێرانین.
میراتی شارستانییەت و کولتووری دەوڵەمەندی گەلی سواحیلی لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، کە لە زمانی وڵاتانی ئەفریقیی وەک کینیا، تانزانیا، ئۆگاندا و ڕواندا ڕەنگ دەداتەوە، ئاسەواری بازرگانانی ئێرانی، عەرەبی، هیندی، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چینی پێوە دیارە.
لێکۆڵینەوە بۆماوەییەکان ئەوە دەردەخەن کە شارستانیەتی ئاوەدانی گەلی سواحیلی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تاڕادەیەکی زۆر لە ژنانی ئەفریقی و پیاوانی ئێرانییەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆ بازرگانی دەچوونە ئەو سەرزەوینە.
توێژەران بە پشکنینی «دی ئێن ئەی»ی وەرگیراو لە ٨٠ کەس کە لە ٥ ناوچە وەرگیراون، لە کینیاوە ھەتا تانزانیا، بۆیان دەرکەوتووە کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی سواحیلی باوکیان ئاسیایی و دایکیان ئەفریقییە. لە ڕاستیدا ٩٠٪ باوباپیرانی ئەو کەسانە پیاوانی ئێرانی و ١٠٪ شیان هیندی بوونە.
توێژەران لەسەر ئەو بۆچوونەن کە لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنانی ئەفریقا لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیاندا سەربەخۆیی زیاتریان هەبووەو زیاتر پەیوەندییان بە بازرگانەکان یان شازادە ئێرانییەکانەوە هەبووە و تۆڕی سات و سەودای بازرگانانی ئێرانی-ئەفریقییان بەهێزتر کردووە.