ئه‌یلوول 27, 2023 20:05 Asia/Tehran
  • ڕێنوێنییه‌ك بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی خوشك و دایك و هاوسه‌ریان هه‌یه‌

پێویسته‌ پیاوان بزانن كه‌ ئافره‌تان له‌ كاتی سوڕی مانگانه‌، له‌ حاڵه‌تێكی زۆر تایبه‌تی و هه‌ستیاردان، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌و بارودۆخه‌یان ڕه‌چاو بكرێ، چونكه‌ به‌شێك له‌ ئافره‌تان تووشی جۆرێک پەشێوی ده‌بن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. هێمن فاتیح حه‌مه‌كه‌ریم پزیشكی پسپۆڕی ده‌روونی باسی له‌وه‌ كرد، په‌شێویی مه‌زاجی پێش سوڕی مانگانه‌ Premenstrual Dysphoric Disorder، حاڵه‌تێكه‌ به‌نزیكه‌ی له‌ 100 ئافره‌ت، پێنج كه‌س تووشی ده‌بنه‌وه‌، به‌جۆرێك له‌ زۆربه‌ی سوڕی مانگانه‌كاندا دووچاری دڵه‌ڕاوكێ، هه‌ستیاری، تووڕه‌بوون، مه‌زاجی بوون، شه‌كه‌تی، گۆڕانی ئاره‌زووی خواردن به‌تایبه‌ت بێزووكردن، كه‌می سه‌رنج، گۆڕانی خه‌و، هه‌روه‌ها نیشانه‌ی جه‌سته‌یی وه‌ك؛ ئازاری سنگ، ماسولكه‌ و ئاوسان و غازاتی سك ده‌بنه‌وه‌.

ناڕه‌حه‌تییه‌كان له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ كاریگه‌ریی توندی نه‌رێنی له‌سه‌ر فرمان و پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خێزان یان پێوه‌ندی هاوسه‌رێتی داده‌نێت، به‌هۆی ئه‌و ناكۆكی و نه‌گونجاندنه‌وه‌ی له‌ دە‌رئه‌نجامی دڵته‌نگی و تووڕه‌بوونی زۆره‌وه‌ دروست ده‌بێت.

د. هێمن ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، ئه‌گه‌رچی گۆڕانی هۆڕمۆنه‌كانی مێینه‌ له‌م قۆناغه‌دا كاریگه‌ریی هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌شێوییه‌كه‌ نه‌زانراوه‌. له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌ردوو ده‌رمانی ئازارشكێن و دژه‌خه‌مۆكییه‌كان كاریگه‌رن، هه‌روه‌ها ده‌بێ كه‌سانی ده‌وروبه‌ریان ڕه‌چاوی ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ستیاری و كاتییه‌ بكه‌ن.

 

 

 

سەرپەیڤ