"گەلاوێژ دهکەوێت" یان "گهلاوێژ دەئەنگوێت" واتای چییه
گەلاوێژ کەوتن یان ئەنگوتن، واتا ئەستێرەی گەلاوێژ لەئاسمان بەدیار کەوت؛ لە ٥ی مانگی هەشتەمی هەموو ساڵێک (لە ساڵنامەی زایینی) ئەستێرەی گەلاوێژ دەکەوێت یان دەئەنگوێت، ئەمەش نیشانەی فێنکبوونە بە تایبەت لە شەوان وە تا ڕادەیەک کۆتایی بە گەرما دێت.
ساڵانە لە دوای ڕۆیشتنی 45 ڕۆژ لە وەرزی هاوین لەشەوی 5 ـی مانگی ٨، ئەستێرەی درەوشاوەی "گەلاوێژ" لەئاسمان دەردەکەوێت و بەخێرایی بەئاسماندا تێ دەپەڕێت , لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ، شەوانە کەش و هەوا فێنك دەبێت و مزگێنی نەمانی گەرمای هاوین و فێنکبوونی کەش و هەوا بە خەڵك دەدات. لەکۆندا کاتێك گەلاوێژ دەئەنگوت، خەڵك پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکرد، وەك مژدەی سەرکەوتن بەسەر گەرمای هاوین پێناسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا نەك هەر پێشوازی لێ ناکرێ، بەڵکو کاتەکەشی نازانن.
ئهستێرهی گهلاوێژ
ئەستێرەی گەلاوێژ یەکێکە لە درەوشاوەترین ئەستێرەکان کە قەبارەکەی دوو ئەوەندەی خۆرە؛ ڕووناکییەکەشی 26 جار لەڕووناکی خۆر زیاترە، بەڵام لەبەر ئەوەی نۆ ساڵی تیشکی لەخۆرەوە دوورە، هەربۆیە ڕووناکییەکەی ناگاتە زەوی. ئەستێرەی گەلاوێژ لە کۆئەستێرەی سەگی گەورەیە (Canis Major)، گەشترین و ڕووناکترین ئەستێرەیە لە ئاسمانی زەوی بە ئینگلیزی پێی دەڵێن سیریەس (sirius)، لە یۆنانی بەمانای بریسکانەوە دێت. هەروەها "سەگی گەورە"شی پێ دەڵێن بە عەرەبیش پێی دەڵێن (الشعرى اليمانية). لە قورئانی پیرۆزدا بەم شێوەیە ناوی هاتووە: ﴿وَأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَى﴾ (النجم:49)
نیشانه دیارهكانی گهلاوێژكهوتن
لەگەڵ ئەنگوتنی گەلاوێژ، چەند نیشانەیەك هەن بەئاشکرا هەستیان پێ دەکرێت.
- هەردوو باڵندەی "پەڕەسێلکە" و "حاجی لەق لەق" کۆچ دەکەن بۆ خوارو و باشوور، بەڵام باڵندەی "پەپوو سلێمانکە" بەپێچەوانەی ئەو دوو باڵندەیە هەر کە هەستی بە نزیکبونەوەی گەلاوێژ کرد، دێتە جێگای ئەوان و شوێنیان دەگرێتەوە.
- هەر دارێكیش گەڵای وەریبێت لەتینووان دوای گەلاوێژ دووبارە چرۆ دەردەکاتەوە، زەویش دەخوسێت و باشتر ئاو ڕادەکێشێت؛ باغ و بێستان و شینایەتیش ئاوێکی کەمتریان دەوێ.
- پێش گەلاوێژ، کاتێك دارێك دەبڕی بە ئاسانی توێکڵی لێ دەبێتەوە، بەڵام دوای گەلاوێژ بەزەحمەت توێکڵی لێ دەبێتەوە.
- لەکۆندا کاتێك ئەستێرەی گەلاوێژ دەردەکەوت، دەیانگوت "منداڵینە چی دیکە مەڵەی مەکەن و خۆتان هەڵمەیەنە ناو ئاوێ گەڵاوێژ ئەنگوتووە نەخۆش دەکەون".
- ئەگەر گەلاوێژ ئەنگوت ئیتر وەختی مازوانە، خەڵك دەچنە ناو لێڕی و مازوان دەکەن.
- ژن و مێرد و مەڕو ماڵاتیش هەستی پێدەکەن و دوای ئەنگوتنی گەلاوێژ لەشەواندا لەیەکتر نزیک دەبنەوە، ئەوەش نیشانەی فێنکبوونی کەش و هەوایە.
- دوای هەڵهاتنی گەلاوێژ میوەی ترێ تامی شیرین دەبێ و پێ دەگات.
گهلاوێژ له مێژوودا
گەلاوێژ ناوە بۆ مێینە؛ هەر لە سەردەمی سۆمەری تا ساسانیەکانیش وەکو خواوەندی جوانی و پیت و بەرەکەت ناسراو بووە و هەر خواوەندێکی مێینەش بووە. لای سۆمەری وئەکەدی "ئانیننا"کە ناوی نەنەی کوردیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە واتە دایەی مەزن ولای ڕۆم بە "ڤینۆس" و لای ساسانی و هاخامنشییەکانیش بە "ئاناهیتا" ناوی هاتووەو بنکەی پەرستگەی لە هەمەدانی ئەمڕۆ بووە. خواوەندەکانی کۆن زیاتر پەیوەست بوون بە سرووشت و ژینگە و کەشوهەواوە، خودای ئاسمان و عەرد و ڕەشەبا و باران و هتد...
ئهستێرهی گهلاوێژ لای گهلانی جیاواز
گەلاوێژ لە کۆنەوە لەلایەن یۆنانییەکانەوە تۆمار کرابوو؛ هەروەها لە لای زۆربەی گەلان ناسراوە. لەلای میسریە کۆنەکان کاتی یەکەم بەدیارکەوتنی گەلاوێژ سەری ساڵ بوو پێیان دەگووت "ئەستێرەی نیل"؛ چونکە هەمیشە کە بەدیاردەکەوت ڕوباری نیل هەڵدەستاو ئاگاداری دەکردنەوە لە هاتنی لافاو. هیندیەکان پێیان دەگووت "ساڤانا" یان سەگی شازادە یودهیستیرا Prince Yudhistira وە ئەفسانەیەکی دورو درێژ لەسەر شازادە و ئەستێرەی گەلاوێژ هەیە.
گهلاوێژ له كوردهواریدا
له کوردهواریدا، له ههردوو وهرزی زستانو هاویندا، وشهی چله ههیهو له چلهی زستاندا سهرماو سۆڵه دهگاته ئهوپهڕی و " چله شۆر" وهکو ئاماژهی کهمبوونهوهی سهرماو سۆڵهو بهرهو گهرمبوونی کهشو ههوا بهکار دێت؛ له چلهی هاوینیشدا پلهی گهرما دهگاته ئهوپهڕی و کهوتنی " گهڵاوێژ"یش وهکو کهمبوونهوهی گهرماو فێنکبوونی کهشو ههوا ئاماژهی پێ دهدرێت.
لەنیوەی وهرزی هاویندا کە بەزۆری دەکاتە 5ی مانگی 8یی هەموو ساڵێک و ناوڕاستی مانگی خهرمانان، زۆرێکیش دهڵێن له نێوان 5ی مانگی 8 تا 10ی مانگی 8، بەدەرکەوتنی ئەستێرەیەکی گەش له نێوان ڕۆژههڵاتو باکووری ئاسماندا و فێنکبوونی شەوانی هاوین دەوترێت "گەلاوێژ کەوتن". ئەم حاڵەتەش ڕێک دوای نیوەی دووەمی هاوین دێت، کە لە هەمان کاتدا نیوەی دووەمی "چلە"ی هاوینیشە.
بهپێی ئهزموون و پێوهری پیاوان و ژنانی دونیادیده، گەلاوێژ ئەستێرەیەکی گەشو پرشینگدارە و بهخێرایی به ئاسماندا تێپهڕ دهبێت و به ههڵهاتن و دهرکهوتنی ئهو ئهستێرهیه، ئیدی گەرما ڕوو لە کزی دەکات، بهتایبهت لهشهواندا دونیا فێنک دهبێت ههروهها لەلای کوردیش بە هۆکاری فێنکبوونی کەش و هەوا دادەنرێت.
هەر بۆیە لەکۆنەوە گوتویانە : "دوای گەلاوێژ ترێ، بەتامتر ئەخورێ" یان "گەلاوێژ کەوتە بەر شەوێ، دەست بەرە لۆ باخەڵی مێوێ".