تشرینی دووه‌م 04, 2016 13:20 Asia/Tehran
  • زانیاری زۆرتر سە بارەت بە گیرانی ڕێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە تورکیا

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا "فیگن یوکسک داغ" و "سەلاحەدین دەمیرتاش" دوو ڕێبەری پارتی دیموکراتیکی گەلان، پارتی لایەنگری کوردان لە پەرلەمانی تورکیایان گرتووە.

پۆلیسی تورکیا لە یەکەم کاژێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بە هێرش کردنە سەر ماڵی "سەلاحەدین دەمیرتاش" هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا (HDP) ، ئەم نوێنەرە بەناوبانگەی لایەنگری کوردەکانیان لە ئامەد (دیاربەکر) گرت. سەلاحەدین دەمیرتاش پێش گیرانی لە  خۆپەڕە کەی دا لە تویتەر نووسیبووی کە هێزی پۆلیس لە بەردەم ماڵەکەیدا لە هاتووچۆیە.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئەم دواییە لە ڕەخنە لە گیرانی سەرنووسەر و ژمارێک لە هەواڵنێرانی ڕۆژنامەی ئۆپۆزسیۆنی جمهورییەت، "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" و دەس و پێوەندییەکانی تۆمەتبار کردبوو بە پەرەپێدانی سانسۆر، سەرکوتکاری و ترساندنی ڕەخنەگرانی.

سەلاحەدین دەمیرتاش

سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێ: ئەگەر داوای پێداچوونەوە بە سەر ئەم گرتن و قۆڵبەستانە بکەین وەک ئەوە وایە کە دەزگەی داد و دادگە بە دەرکردنی ئەو بڕیارەیان ، هەنگاوێکی درووستیان هەڵگرتووە لە کاتێکدا کە گرتن و قۆڵبەست کردن، یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام لێرە هیچ شتێک بە پێی یاسا و ڕێسا نییە. ئەمانە قۆڵبەست کردنی یاسایی نییە، لە راستیدا پیاوڕفاندن و بەبارمتەگرتنە."


لە ئۆپراسیۆنێکی دیکەدا لە ئانکارا، ڕێبەری دیکەی ئەم پارتە، خاتوو فیگن یوکسک داغ و ١١ نوێنەری دیکەیش گیراون.
خاتوو فیگن یوکسک داغ لە ڤیدیۆیەکدا کە بە کامێرای مۆبایل تۆمار کراوە لە سەر پلیکانەی ماڵەکەیدا بە پۆلیس دەڵێ: ئێوە مافی ئەوەتان نییە بەم لەونە بێنە نێو شوقەکەی منەوە. ئەو بەڵگەی گرتنەیش کە بە دەستتانەوەیە بۆ خۆتان... بۆ چراکە دەکوژێنیتەوە؟ ئەو دادستێنەی ئێوەی ناردووە هەر وەک خۆتان لات و لووتە."

فیگن یوکسک داغ


ئیدریس بالوکەن سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی دیموکراتکی گەلانیش لە بینای ئەم پارتەدا گیرا. پێشتر، "گوڵتەن کیشاناک"، "فورات ئانلی" دوو شارەداری دیاربەکر (ئامەد) گیرابوون و نوێنەری دەوڵەت  کرابوو بە بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاروباری شارەداریی گەورەترین شاری کوردنشینی تورکیا . خاتوو "کیشاناک" کە پێشتر نوێنەری پەرلەمانی تورکیا بوە، یەکێک لە بەناوبانگترین سیاسەتوانانی کورد لە تورکیا دێتە ئەژمار.
پارتی دیموکراتیکی گەلان، بە ٥٩ کورسی لە پەرلەمانی تورکیا، دووەم پارتی نەیاری دەوڵەت لەم وڵاتەیە. ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی زووتر لە وادەی پەرلەمانی تورکیادا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥ توانی بە دەس خستنی پتر لە ٦ ملوێن دەنگ، نزیکەی ١١%ی دەنگەکانی بە خۆی تەرخان بدات.


هەروەها بەکارهێنەرانی تورکیایی لە تویتەر لیستی جەند کەس لە نوێنەرانی گیراوی سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلانی بەم چەشنە ڕاگەیاندووە.
١- محەممەد عەلی ئەسلان، نوێنەری پەرلەمان لە بەتمەنەوە
٢- زیا پیر، نوێنەری پەرلەمان لە دیاربەکرەوە
٣- فەرهاند ئانکۆ، نوێنەری پەرلەمان لە شرنەخەوە
٤- لەیلا بیرلیک ، نوێنەری پەرلەمان لە شرنەخەوە
٥- سەلما ئیرماک، نوێنەری پەرلەمان لە مێردین
٦- نوورسەل ئایدۆگان، نوێنەری پەرلەمان لە دیاربەکرەوە
٧- سیری سورەیا ئوندەر، نوێنەری پەرلەمان لە دیاربەکرەوە
٨- گولسەر یەلدیریم، نوێنەری پەرلەمان لە مێردین
٩- عەبدوڵلا زەیدان، نوێنەری پەرلەمان لە هەکارییەوە
١٠- پەرین بوڵدان، نوێنەری پەرلەمان لە ئەستەموڵەوە
١١- ئیدریس بالوکەن، نوێنەری پەرلەمان لە ئەستەموڵەوە


وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە هۆی گیران و قۆڵبەست کرانی بەربڵاوی نوێنەری پا رتی دیموکراتکی گەلان خۆبواردنیان لە هاتن بۆ دادگە و شایەتی نەدانیان سەبارەت دۆسییەکانی هاوپێوەند بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە.

 

 

سەرپەیڤ