ھاوکات لە گەڵ ساڵی نوێ ، تورکیا نرخی کارەبا و گاز و بەنزینی سەتی 50 تا 100 بەرزکردەوە
حکومەتی تورکیا لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا نرخی گازی سروشتیی ماڵان و کارەبای بە ڕێژەی 50% تا 100% بەرزکردەوە، نرخی بەنزینیش بەهەمانشێوە بەرزکراوەتەوە.
ناوەندی چاودێری بازاڕی وزە لە تورکیا ئاشکرایکردووە، “نرخی کارەبا بۆ هاوڵاتیی تورکی بەڕێژەیەک بەرزکراوەتەوە و بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانیش 100% نرخەکەی بەرزکراوەتەوە”.
هاوکات نرخی گازی سروشتیی ماڵان بە ڕێژەی 25% بۆ هاوڵاتیی تورکی بەرزکراوەتەوە و بۆ شوێنە بازرگانییەکان 50% زیادیکردووە، لە کاتێکدا پێشتر تەنها 15% بۆ شوێنە بازرگانییەکان نرخ بەرزکرابوویەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخ لە تورکیا زانیاریی لەبارەی بەنزین و گازوایل داوە، بەپێی ئامارێک دوێنێ هەینی نرخی بەنزین لە تورکیا بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک نیو لیرە تا یەک لیرە بۆ لیرتێک بەنزین زیادبووە.
پێشتر گۆڤاری ئیکۆنۆمیست-ی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەرەنگاری لەگەڵ لۆژیکدا بکات بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لەسایەی ناسەقامگیریی بەهای لیرە و ڕەتکردنەوەی بەرزکردنەوەی نرخی سوود”.