قسە دژە ئەمریکاییەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا
چاوش ئۆغلوو ، هاوپەیمانەکانی تورکیا بەتایبەت ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە پاڵپشتی کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان.
«مەولود چاوش ئۆغڵو»ی وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، پشتیوانیی بەشێک لە هاوپەیمانانی ئێمە بەتایبەتی ئەمریکا لە تاقمە تیرۆریستییەکان لە سوریا ئاشکرایە و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت کۆتایی بەم پشتیوانییە بهێنرێت.
ناوبراو کە دوێنێ لە شاری بوخارێستدا بەشداری کردبوو لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) ، بە ئاماژەدان بە بەڵێنەکان و کارنامەی سویید لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەم وڵاتەی لەگەڵ ئەمریکا بەراورد کرد و وتی: بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرسی ئەندامێتیی سویید لە ناتۆ، دەبینین کە حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە لە شەڕی دژی تیرۆردا بە دڵسۆزییەوە دەجوڵێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»، سەرۆککۆماری تورکیا تەنانەت پێش تەقینەوەکەی ئەم دواییەی ئەستەمۆڵ، ئەمریکای تۆمەتبار کردبوو بە ڕادەست کردنی چەک بۆ گروپە چەکدارە کوردەکان لە باکووری سوریا.