شوبات 12, 2023 23:47 Asia/Tehran
  • ڕزگارکرانی پەرجووئاسای کچ و باوکێکی تورکیایی لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکە بە هەوڵی فریاگوزارانی ئێرانی

فریاگوزارانی ئێرانیی مانگی سوور بە هاوکاریی لەگەڵ فریاگوزارانی تورکیا، باوک و کچێکیان لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەی تورکیا ڕزگار کرد.

چەند ڕۆژێک بەسەر بوومەلەرزە ترسناکەکەی باشووری تورکیا تێدەپەڕێت، هێشتا هێزەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی لابردنی پاشماوەی داروپەردووی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە زیندوویی  لەژێر داروپەردووەکان هێنراونەتە دەرەوە بە بەراورد بە ڕۆژانی یەکەمی بوومەلەرزەکە کەمی کردووە.

مانگی سووری ئێران چەند گرووپێکی فریاگوزاریی بۆ یارمەتیدانی کرێکارانی فریاگوزاری تورکیا ناردووە.

تیمی گەڕان و فریاگوزاریی مانگی سووری ئێران توانیان بە شێوەیەکی پەرجووئاسا باوکێک و کچە بچووکەکەی بە زیندوویی لە ژێر داروپەردوودا لە «غازی ئانتێب» لە تورکیا بدۆزنەوە و بە هاوکاریی فریاگوزارانی تورکیا ڕزگاریان بکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی مانگی سوور؛ کچێکی تەمەن ٤ ساڵان و باوکی کە لە کاتی بوومەلەرزەکەی شاری «غازی ئانتێب» لە تورکیا لە پلیکانەکانی ماڵەکەیاندا پەنایان گرتبوو، دوای ٦ ڕۆژ (١٣٠ کاتژمێر) بە هەوڵی تیمی گەڕان و فریاگوزاریی مانگی سووری ئێران دۆزرانەوە و لە ژێر داروپەردووی بیناکانەوە دەرهێنران.

سەرپەیڤ