حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ھەڵدانی دوو هەزار و ٥٠٠ خیوەت ھاوکاریی لێقەوماوانی تورکیا دەکات
حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دوو هەزار و ٥٠٠ خیوەت لە «ئادیامان» هەڵ دەدات کە جێگای ٢٥ هەزار زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکانی تیادا دەبێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ئادیامان کراون لە یەکەم قۆناغدا دەستیان کردووە بە هەڵدانی ٥٠٠ خیوەت لە زەوییەکی چۆڵ لە گەڕەکی «کایاڵک» لە ئادیامان.
هەریەک لەو خیوەتانە جێگای ١٠ کەسی تیادا دەبێتەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکانیش پێشکەشی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان دەکرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و کارەساتەکانی تورکیا پلانی بۆ ئەوە دانەوە لە پێنج ناوچەی جیاواز دوو هەزار و ٥٠٠ خیوەت هەڵبدات کە جێگای نزیکەی ٢٥ هەزار کەسیان تیادا دەبێتەوە. دەزگاکە هەروەها مەیدانی کۆمەڵایەتی، خواردنگە، ئاودەست و گەرماو بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان دروست دەکات.
لەم پەیوەندییەدا « عەبدولواحید ئەمین سەلیم» بەڕێوەبەری بازنەی تورکیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە کە ، دوای بیستنی هەواڵی روودانی بوومەلەرزەکان بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان کەوتوونەتە خۆو، وتیشی: تەواوی ئەو کارانەی پێیان هەستاوین لە پێناو مرۆڤایەتیدان. تیمەکانمان لە قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، دیاربەکر، ئادیامان، ئیسکەندەرون خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکەش کردووە، هەروەها خۆراکیشیان گەیاندووە بە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان و خیوەتیشیان بۆ هەڵ دەدەین.
«عەبدولواحید ئەمین سەلیم» ئاماژەی بەوەش داوە کە، وەک قۆناغی یەکەمی هەڵدانی خیوەت ٥٠٠ خیوەت لەسەر ئەو زەوییە چۆڵە هەڵدەدەن کە لەلایەن پارێزگای ئادیامان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و کارەساتەکانی تورکیا بۆیان دەستنیشان کراوە.
وتیشی:دوای هەڵدانی خیوەتەکان، تەواوی پێداویستییەکانی وەک راخەر و پێخەو بۆ خیوەتەکان دابین دەکەین، زۆپایان بۆ دادەنێین و خۆراکیان پێ دەگەیەنین. بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و کارەساتەکانی تورکیا خیوەتەکان دادەنێین.