کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنقەرە
سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکی دروستکردنی ڕێڕەوی گواستنەوە لە بەسرەوە بۆ تورکیا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا،شەوی ڕابردوو (شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە) «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ «محەممەد ئەلشیاع ئەلسودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنقەرە، ئەم ڕێڕەوەی بە «رێگای ئاوریشمی نوێ» لێکدایەوە و وتیشی: ئەوە پلان پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە نەک تەنها بۆ ئەم دوو وڵاتە، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش.
ئەردۆغان وتیشی: ملیۆنان کەس لە جوگرافیایەکی فراواندا لە ئەوروپاوە تا کەنداوی فارس سوودمەند دەبن لەو قازانج و زێدەنرخەی کە لە دروستکردنی ئەم ڕێگایەوە مسۆگەر دەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی بازرگانی و فراوانکردنی پەیوەندییە مرۆڤییەکانمان.
«ئەردۆغان» هەروەها بە دەربڕینی ئەمەی کە،لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سودانی دا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لە هەموو ڕوویەکەوە تاوتوێ کردووە، وتیشی: ئێمە جەخت لەسەر ئیرادەی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی بە تیرۆریست ناسێندرانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە عێراق دا کە حکوومەتی ئەنقەرە بەردەوام بە هۆکاری هێرشەکانی بۆ سەر باکووری عێراقی زانیوە، چاوەڕوان دەکەین برا عێراقیەکانمان «پەکەکە» وەک گروپێکی تیرۆریستی پێناسە بکەن و وڵاتەکەیان لە بوونیان پاک بکەنەوە.
«ئەردۆغان» هەروەها سەبارەت بە کێشەی ئاو لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیاش وتی: کێشەکانی ئاوە سنووربڕەکان تەنیا بە هاوکاریی لۆژیکی و زانستی چارەسەر دەکرێت.
ئینجا سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەی لەگەڵ «ئەردۆغان» ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بەوەی ڕێگە نەدات خاکەکەی بکرێتە خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا.