یاسادانەرانی ئەمریکی: دەبێ بایدن، تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بخاتەژێر گوشار
١٤٢نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا داوایان لە "جۆ بایدن" کردووە، دەوڵەتی تورکیا بخاتەژێرگوشار بەمەبەستی کۆتایی هێنانی بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە.
سەدوچل نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەک بۆ"جۆ بایدن" ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، داوایان لە ناوبراو کردووە لەڕەوتی کۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆ، پرسی پێشێلکرانی بەرفراوانی مافی مرۆڤ لە تورکیا لەدیدار لەگەڵ "رەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا لەبەرچاو بگرێ و لێبڕاوانە پێوشوێنی بگرێ.
ئەو نوێنەرانەی کۆنگرەی ئەمریکا پێیان داگرتووە، دەوڵەتی تورکیا لە هەڵس وکەوت لەگەڵ نەیارانی، بەشێوەی بەردەوام مافی مرۆڤی بن پێ خستووەو هێزە ئاسایشییەکان و پۆلیسی ئەو وڵاتە، نەیارانیان ئەشکەنجەو ئازار داوە.
تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەڵس و کەوتی توندوتیژانەی بووە لەگەڵ نەیاراندا بەتایبەت سیاسەتوانانی کوردی ئەو وڵاتە.
ئێستاکە هەزاران کەس لە سیاسەتوانان، پارێزەران، نوێنەرانی پەرلەمان، رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنیی کوردی تورکیا لە زیندانەکانی تورکیادان.
ژمارێک بەندکراوی کورد لەوان "سەلاحەدین دەمیرتاش" سەرۆکی پێشووی گەورەترین پارتی لایەنگری کوردانی ئەو وڵاتە، سەرباری بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئوروپا لەمەڕ پێویستیی ئازادکرانی، هەروا لە زیندان دان.