ئه‌یلوول 08, 2017 13:00 Asia/Tehran
  • ژینوسایدی موسڵمانان لە میانمار

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان لە کاردانەوە بە ژینوسایدی موسڵمانانی ڕووهینگیایی لە میانمار ڕایگەیاند: دەبێ پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێ، کۆمەڵگەی جیهانی بێتە مەیدانەوە و هەنگاوێک هەڵگرێ.

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە تویتێکدا پێی داگرت: هیچ پاسایەک نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای جیهانی ڕێگە بدات کۆمەڵکوژیی موسڵمانانی رۆهینگیایی لەبەرچاوی هەموو جیهان درێژەی پێ بدرێ.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دەبێ بەرلەوەی زۆر درەنگ ببێ، کۆمەڵگای جیهانی بۆ داکۆکی لە موسڵمانانی رۆهینگیایی لە میانمار بێتە مەیدانەوە.

شەپۆلی نوێی پەلامارەکانی سوپای میانمار بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیایی لە پارێزگای راخین، هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، کوژرانی لانیکەم٤٠٠کەسی لێکەوتووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایانگەیاند؛ دوابەدوای تەشەنەی کردەی توندوتیژانە دژی موسڵمانان لە روهینگیا نزیک بە ١٤٦هەزار موسڵمانی رۆهینگیایی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەرەو بەنگلادش هەڵاتوون. موسڵمانان لە میانمار هیچ مافێکی شارومەندییان بۆ ڕەچاو ناکرێ.
شەپۆلی نوێی جەنایەتەکانی سوپا و بوداییانی توندڕەو لە میانمار دژ بە موسڵمانان دەنگی ناڕەزایەتیی بانگەشەکارانی مافی مرۆڤیشی بەرز کردۆتەوە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە. ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ خەڵاتی ئاشتی نۆبێلیان پێشکەش دەکرد بە "ئان گ سان سوچی" وەزیری دەرەوەی ئێستای میانمار، ئەمڕۆ بێدەنگە کردنی سەرسوڕهێنەری ئەو بە چاوی خۆیان دەبینن. سوچی لە هەنگاوێکی سەرسووڕهێنەردا چەن ڕۆژ لەمەوبەر بە وەدرۆخستنی قەڵاچۆ کرانی موسڵمانان، بە کردەوە بەرگری کرد لە کردەوە و جەنایەتەکانی سوپای میانمار لە پارێزگەی ڕاخیندا.

کەمینەی موسڵمانی ڕووهینگیایی، چەوساوەترین و زوڵملێکراوترین کەمینە لە جیهاندان. ئەگەر تەنیا چاوێک بخشێنین بە سەر چەن راپۆرتێک سەبارەت بە باروودۆخی پارێزگەی ڕاخین کە بە شێوەی گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بۆتەوە ، تەنیا شتێک لە بیر و مێشکی هەر مرۆڤێکی بە ویژدانی ئازادیخواز دێتە ئاراوە، ئەوەیە کە لەو پارێزگەیەدا خەریکە دژ بە مرۆڤایەتی جەنایەتی تۆقێنەر دەکرێ و موسڵمانانی ڕووهینگیایی بەرەوڕووی ژینوساید و بەرەکوژی بوونەتەوە. سووتاندن، سەربڕین و دەسدرێژی کردنە سەر ژنانی موسڵمان لە پارێزگەی راخین، لە هیچ دین و ئایینێکدا پاسا نادرێتەوە و لەم نێوانەدا کاردانەوەی مونفەعلانەی کۆمەڵگەی جیهانی، دراوسێکانی وڵاتی میانمار، نەتەوە  یەکگرتووەکان و لە هەموو گرینگتر ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤایەتی خەریکی گیان کەندنە.

توانایەکی یەکجار گەورە بۆ کۆتایی هێنان بە بەرەکوژیی موسڵمانانی ڕووهینگیایی لە ئارادایە، بەڵام ڕوانگەی سیاسیی زاڵ بە سەر ناوەندەکانی بەرپرسی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و مافی مرۆڤ، بە کردەوە ئەو توانا و پوتانسییەلانەی پووچەڵ کردۆتەوە. لە وەها باروودۆخێکدا سوپای میانمار هەلی کوشتن و قەڵاچۆ کردنی موسڵمانانی ڕووهینگیایی بۆ ڕەخساوە و هاوکات " ئانگ سان سوچی"یش بەرامبەر بە قەڵاچۆ کرانی موسڵمانانی میامنار بێدەنگەی کردووە.

ئەو هەڵوێست نواندنانە بۆتە هۆی ئەوەی کە چاوەڕوەانییەکی زیاتر لە ناوەندەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ بێتە ئاراوە تا لە داهاتوودا پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بکەن بە سەر فەکتەرەکانیان بۆ پێشکەش کردنی خەڵاتی نۆبێل. قەڵاچۆ کرانی موسڵمانانی ڕووهینگیایی لە پێش چاوی کەسێک کە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، دیسان ئەوە دەسەلمێنێ کە مەسەلەی مافی مرۆڤ بووە بە ئامرازێک بۆ گەیشتنی هەندێ لایەن بە ئامانجی دڵخوازی خۆیان.

بەردەوام بوونی باروودۆخی ئێستای موسڵمانان لە میانمار بە هیچ لەونێ پاسا نادرێتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان  و لە هەموان گرینگتر ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیش وەکوو پوتانسییەلێک لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا دەبێ خێرا بێنە مەیدانەوە و پێش بە تیاچوونی کەمینەیەک بگرن کە ڕیشەی مێژووییان لە خاکی میانماردا داکوتراوە. 

هەر لەم بوارەدا "موحسین پاک ئایین" باڵیۆزی پێشووی ئێران لە تایلەند شەوی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی ئێران بۆ شی کردنەوەی مێژووی بوونی موسڵمانان لە ناوچەی ئاراکانی میانمار وتی: موسڵمانان لە دانیشتوانی سەرەکیی ئەو ناوچەیە دێنە ئەژمار و تەنانەت هەتا ساڵی ١٩٣٦ زمانی خەڵکی ئاراکان فارسی بووە. ساڵی ١٩٨٢ دەوڵەتی میانمار یاسایەکی دانا کە مافی شاروومەندێتی دەدا بە ١٣٥ هۆز و نەتەوە  لە ١٤٤ هۆز و نەتەوەی دانیشتووی میانمار و لەم نێوانەدا مافی شاروومەندی نەدراو بە موسڵمانان و ئەوانی ناچار بە کۆچی زۆرەملی کرد.

سەرپەیڤ