وتەکانی وتەبێژی تالیبان لە بارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ئەبوزەبی
وتەبێژی تالیبان وتی: دانوستانەکانی ئەم تاقمە لەگەڵ ئەمریکا لە ئەبوزەبیی پێتەختی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان سەبارەت بە کۆتایی ھێنان بە ئامادە بوونی ھێزەکانی بیانی لە ئەفغانستانە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ڕادیۆ پەشتونی دەرەوەی سنوور، زەبیحوڵڵا موجاھید لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: دانوستانی ئەم تاقمە لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە چۆنیەتیی کشانەوەی ھێزەکانی بیانی لە ئەفغانستانە و ھیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە نێوخۆییەکانی ئەفغانستانەوە نییە.
دانوستانی نێوان ئەمریکاو تاقمی تالیبان لە ئەبوزەبیی پێتەختی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بە ئامادە بوونی ڕاوێژکارانی ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە، عەرەبستان و پاکستان بۆ سێھەمین ڕۆژ ئەمڕۆ چوارشەممەش بەردەوام دەبێت.
دوێنێ سێ شەممە بڕێک لە میدیاکان بە گێڕانەوە لە ڕۆیتێرز ڕایانگەیاند کە ئەمریکا لە بارەی ئاگربڕی شەش مانگەو پێکھاتنی حکومەتێکی کاتی لە ئەفغانستان لەگەڵ تالیباندا وتووێژی کردووە.
زەبیحوڵڵا موجاھید وتەبێژی تاقمی تالیبان لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم بابەتە، ڕاپۆرتەکەی ئەم دواییەی ڕۆیتێرزی لە مەڕ ڕەوتی دانوستانەکان لە ئەبوزەبیی پێتەختی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بە ھەڵەو ساختە زانی.
وتەبێژی تاقمی تالیبا وتیشی: لە ڕەوتی ئەم دانوستانەدا سەبارەت بە حکومەتی کاتی، ئاگربڕ، ھەڵبژاردن و بابەتە نێوخۆییەکانی دیکەی ئەفغانستانەوە لەگەڵ ئەمریکا ھیچ وتووێژێک نەکراوە.