ئاماری جیهانیی کۆرۆنا ، ئەمریکا هەروا لە پلەی یەکەمدایە
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە هەفتەی رابردوودا بەرەو زیادبوون چووە و تەنها لە 24 کاتژمێردا 218 هەزار کەس لە جیهان تووشی کۆرۆنا بوون.
هەر بە پێی راپۆرەکە تێکڕای تووشبوانی پەتاکە لە جیهاندا گەیشتە زیاتر لە 16 ملیۆن و 421 هەزار کەس.بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، تێکڕای تووشبوانی کۆرۆنا تا کاتژمێر 8:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە گەیشتوەتە 16 ملیۆن و 421 هەزار و 952 کەس، لەو ژمارەیەش 10 ملیۆن و 52 هەزار و 463 توشبو چاکبونەتەوە و 652 هەزار و 300 تووشبوش گیانیان لەدەستداوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەم دێت، کە تیایدا 4 ملیۆن و 371 هەزار و 839 توشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش دو ملیۆن و 90 هەزار و 129 کەس چاکبوونەتەوە، هەروەها ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ 149 هەزار و 849 کەس بەرزبووەتەوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپاش ئیسپانیا بە پلەی یەکەم دێت لە روی بەرزیی ژمارەی تووشبوان و تا ئێستا 319 هەزار و 501 توشبو لە وڵاتەدا تۆمارکراون، لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێران بە تۆمارکردنی 291 هەزار و 172 توشبوی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەریی ئەو پەتایەی تیادا دەرکەوتوە.