دوایین ئاماری توشبووانی کۆرۆنا لە جیهان
لە 24 کاتژمێری رابردودا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا 204 هەزار کەسی تێپەڕاند و کۆی ژمارەی توشبوانیش گەیشتە 23 ملیۆن و 586 هەزار کەس.
لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا، لەسەر ئاستی ئەوروپا ئیسپانیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێران زۆرترین توشبوی پەتاکەیان تێدا تۆمارکراون.بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان تێکڕای توشبوانی کۆرۆنا لە جیهان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە گەیشتوەتە 23 ملیۆن و 586 هەزار و 512 کەس، لەو ژمارەیەش 16 ملیۆن و 85 هەزار و 556 توشبو چاکبونەتەوە و 812 هەزار و 527 توشبوش گیانیانلەدەستداوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەم دێت کە تیایدا پێنج ملیۆن و 874 هەزارو 146 کەس توشی کۆرۆنا بوون، بڕازیل بە تۆمارکردنی سێ ملیۆن و 605 هەزار و 783 بە پلەی دوەم و هیندستانیش بە تۆمارکردنی سێ ملیۆن و 106 هەزار و 348 کەس لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی سێیەم دێت لەڕوی بەرزی ژمارەی توشبووانەوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، وڵاتی ئەفریقای باشور بە پلەی یەکەم دێت و 609 هەزار و 773 توشبوی تێدا تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بە تۆمارکردنی 358 هەزار و 905 توشبووی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەریی ئەو پەتایەی تێدا دەرکەوتووە، لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپاش ئیسپانیا بە پلەی یەکەم دێت لەروی بەرزی ژمارەی توشبووان و تا ئێستا 407 هەزار و 879 توشبو لە وڵاتەدا تۆمارکراون.