بۆرێل: یەکیەتی ئەوروپا دەبێ هێزێکی سەربازی پێکبهێنێت
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە یەکێتی ئەوروپا بەرپرسیارێتی ئاسایشیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و سوپای ئەوروپی خۆی بنیات بنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بۆرێل شەوی یەکشەممە وتی: ئێمە پێویستمان بە سوپایەکی مۆدێرن و کارتێکەری ئەوروپی هەیە کە لە ئاستێکی بەرزتردا کار بکات.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە قەوارەکە ئامادەیە بەرگری لە فینلاند و سوید بکات لە ئەگەری هێرشی ڕووسیا، تەنانەت لە کاتێک دا چاوەڕێی ئەندامەتیی لە ناتۆ دەکەن.
یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆی دیکەی وەک بودجە بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین کردووە. یەکێتییەکە بە کۆی گشتی 2 ملیار یۆرۆی وەک هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئەو وڵاتە کردووە. ئەم بڕە پارەیە لە ڕێگەی سندوقی ئاشتی ئەوروپاوە دابین دەکرێت و ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات چەک و کەرەستەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا بکڕێت.