May 27, 2022 09:58 Asia/Tehran
  • کوردێک بوو بە جێگری پارێزگاری له‌نده‌ن

گەنجێکی کوردی سەربە ھەرێمی کوردستان کە دانیشتووی بریتانیایە وەک جێگری پارێزگای لەندەنی پێتەخت ھەڵبژێردرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی ھەرێمی کوردستان، گه‌نجێکی کوردی قه‌زای حاجیاوای ئیداره‌ی راپه‌ڕین-ی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک جێگری پارێزگاری له‌نده‌ن-ی به‌ریتانیا دیاری کرا.

«سەرباز بەرزنجی» گەنجێکی حاجیاوایە کە لە ماوەی رابردوودا لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی لەندەن لە بەریتانیا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لەندەن دەستبەکار بوو. ئینجا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢ش لە ئەنجومەنی شارەوانی لەندەن بە زۆرینەی دەنگ وەک جێگری پارێزگاری لەندەن هەڵبژێردرا.

«سەرباز بەرزنجی» له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبەتی خۆی له‌ فه‌یسبوک دا بابەتێکی بڵاو کردووەتەوەو وتوویەتی: ئەمڕۆ لە رێوڕسمێکی شایستە و تایبەتدا سەرەڕای ئەرکی ئەنجومەنی شارەوانی ئەرکێکی ترم پێسپردرا، بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەن وەک جێگری پارێزگار ھەڵبژێردراین".

ئەم گەنجە کوردە باسی ئه‌وه‌شی کردووه‌ کە: شانازییەکی مەزنە مرۆڤ بتوانێت خزمەتی کۆمەڵگا و خەڵکی  خۆی بکات و ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ھاوڵاتیان و رابردووی خۆی لەیاد نەکات.

سەرباز بەرزنجی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، زێدەترخۆشحاڵ بووم لەو رێوڕەسمەدا بە جلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە سوێندی یاساییم بەجێگەیاند، دیارە بەوپەڕی توانامان ھەوڵ دەدەین لە ئاستی متمانە و چاوەڕوانی ئێوەدابین.

سەرپەیڤ