خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەس لە "پراگ" دژی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا
دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شاری پراگی پایتەختی کۆماری چیک ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە حکومەت و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و ئەو کێشانەی کە بەهۆی قەیرانی وزە دروستبوون.
دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەوروپا بە بیانووی پشتیوانیکردن لەم وڵاتە سزای بەرفراوانیان بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا سەپاند. لە ئێستادا ئەم گەمارۆیانە ئەوروپایان گرتووەتەوە و رووبەڕووی قەیرانی وزەی بێ وێنە بووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، رۆژی شەممەی رابردوو نزیکەی 70 هەزار کەس لە شاری پراگ ناڕەزایییان لە دژی حکومەت دەربڕی و داوایان لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار کرد رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
هەروەها خۆپیشاندەران دژایەتی خۆیان بۆ یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ ڕاگەیاند.
ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن گروپی ڕاستڕەوی توندڕەو و گروپە سیاسییەکانی دیکەوە ڕێکخرابوو، لەنێویاندا حزبی کمونیست .
ئەو گرووپانە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە کۆماری چیک لە ڕووی سەربازییەوە بێلایەن بێت و گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابینکەری گازدا ببەستێ، لەوانە ڕووسیا.