سەردانی شاندێکی بازرگانیی ڕووسیا بۆ ئێران لە داھاتوویەکی نزیک دا
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووسیا باسی سەردانی شاندێکی گەورەی بازرگانی ڕووسیا بۆ ئێرانی کردووە لە داھاتوویەکی نزیک دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئاژانسی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، «کازم جەلالی» باڵوێزی ئێران لە ڕووسیا باسی سەردانی شاندێکی گەورەی بازرگانیی ڕووسیا پێکهاتوو لە کۆمپانیا جۆربەجۆرەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی کۆمارو پارێزگاکانی ڕووسیا بۆ ئێرانی کردووە بە مەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیاندا.
جەلالی وتووشیەتی: ئەم شاندە کە داگری زیاتر لە ١٠٠ ھەڵسوڕاوی ئابووریی ڕووسیایە بە سەرۆکایەتیی «سێرگێئی کاترین» سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی فیدراسیۆنی ڕووسیا، سەردانی ئێران دەکەن.
بە پێی ڕاگەیاندنی باڵوێزخانەی ئێران لە ڕووسیا، بە پێی ئەو پلانانەی کە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، شاندی بازرگانیی ڕووسیا لە گەشتەکەی بۆ ئێران، جگە لە دیدار لەگەڵ «غوڵامحسێن شەفیعی» سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگا و کشتوکاڵی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە بوارەکانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، بەشداریی کۆبوونەوە دوو لایەنەکان لەگەڵ سەندیکا جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و بازرگانیی ئێرانیش دەکەن.
جگە لە تاران، شاندی ژووری بازرگانیی ڕووسیا لە گەشتەکەی دا بۆ ئێران سەردانی پارێزگاکانی ئیسفەهان و گیلانیش دەکەن، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ چالاکانی ئابووریی پارێزگاکانی گیلان (باکوری ئێران) و ئیسفەهان (ناوەندی ئێران) و لە میانەی دا لەگەڵ تواناو بارستایی ئەم ناوچانە بەتایبەت ڕێڕەوی باکوور بۆ باشوور ئاشنا دەبن.