ئاب 05, 2023 13:42 Asia/Tehran
  • نەتەوە یەكگرتووەكان زەنگی كارەساتی مرۆیی لە سوودان لێ دا

بەرپرسی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای دەگەیەنن كە بەهۆی ململانێكانی ناوخۆی سوودانەوە، 24 ملیۆن كەس پێویستیان بە خۆراك و هاوكاری پەلە هەیە. بەڵام نیگەرانی خۆیان نەشاردەوە لەوەی كە تەنیا دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس هاوكارییان پێ دەگات.

ئەمڕۆ شەمە پێنجی ئاب، پێگەی "بەغدا یوم" بڵاوی کردووەتەوە، ئایدن وۆرسۆرنۆ بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكان لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاری مرۆیی و تێد چایبان جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف)، لە بەیاننامەیەكدا وێنەیەكی دڵتەزێنی ئەو وێرانكاریی و گێژاوەی لە سوودان هەیە، راگەیاند و هاوكات نائومێدی خۆیان پێشان دا لەوەی "هیچ دانوستانێكی ئاشتی لە ئاراجا نییە".

ئایدن دەڵێ، شوێنە گەرمەكانی وەك پایتەخت، خەرتووم، باشووری كۆردۆفان و ناوچەكانی دارفۆری ڕۆژئاوا، بەهۆی توندوتیژییەوە دەناڵێنن و نزیكەی چوار ملیۆن كەس لە شارەكان هەڵاتوون، لەژێر شەپۆلی سەختی گەرمادان تا بەرزیی 48 پلە، جگە لە "هەڕەشەی توندوتیژیی سێكسی و كوشتنن".

بەپێی دوا ئامارەكان، لەو شەڕە ناوخۆییەدا هەزاران كوژراو و بریندار هەن، بەڵام ژمارەی راستەقینە دیار نییە، بەهۆی ئەوەی هەر لایەكی شەڕەكە بە جۆری خۆی ئامار رادەگەیەنێ.

"24 ملیۆن كەسی ئەو وڵاتە پێویستیان بە خۆراك و هاوكارییە مرۆییەكانی ترە، لە ناویاندا 14 ملیۆن منداڵ هەن، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس كۆمەكیان پێ دەگات، هەروەها ئێستە سوودان یەكێكە لە مەترسیدارترین شوێنەكان بۆ كاركردن" ئەمە بەگوتەی نووسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

رۆژی 15ی نیسان/ئەپرلی رابردوو شەڕ لە خەرتوومی پایتەختی سوودان دەستی پێ كرد و دواتر ناوچەكانی تری تەنی، شەڕەكە لە نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا كڵپەی كرد و تا ئێستەیش بە پچڕ پچڕی بەردەوامیی هەیە.

 

سەرپەیڤ