ئه‌یلوول 02, 2020 21:51 Asia/Tehran
  • پرێس کۆنفرانسی ھاوبەشی نێوان بەرھەم ساڵح و ئێمانۆئێل مەکرۆن

سەرۆک کۆمارانی عێراق و فەرەنسا لەدوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆشکی سەلام بەشداریی پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشیان کردو ناوەڕۆکی دانیشتنەکەیان بۆ میدیاکان ڕوون کردەوە.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی کۆماری لە بەغدای پایتەخت کۆبوونەوە، دواتر لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان خستەڕو.

بەرهەم ساڵح لە سەرەتای پرێس کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بەخێرهاتنی هاوڕێ و خۆشەویستمان سەرۆک ماکەرۆن دەکەم، لە دانیشتنەکەماندا باسی زۆر بابەتی هاوبەشمان کرد بۆ خزمەتی هەردو وڵات و ناوچەکە، ھەلێکی باشمان بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی دوپات لە پەیوەندیی هاوبەشی هەردولا بکەینەوە ئەو پەیوەندیە دێرینەمان کە پەیوەندییەکی زۆر باشە".

ئاماژەی بەوەشکرد، چاویان لەباشترکردنی پەیوەندیەکانیانە بۆ ئەوەی هاوبەشێکی ستراتیژی دروستبکەن لەرێگەی چالاککردنی ئەو رێککەوتننانەی واژۆکراون، کە بە "نەخشەرێگای ستراتیژی" ناسراون.

سەرۆک کۆماری عێراق باسی لەوەشکرد کە، دەرفەتی ئەوەم هەبو رۆڵی فەرەنسا لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەرزبنرخێنم، ئەوەی لە عێراق رویدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو بەسەر تیرۆر و توندڕەوی دا، ئەو سەرکەوتنە بە قوربانیدانی عێراقییەکان و بەیارمەتیدانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مسۆگەر کراو فەرەنساش لەو  سەرکەوتنەدا رۆڵی کارای هەبوو ، بەڵام دیارە تەنگژەی زۆر گەورەمان لەبەردەمدایەو بۆ بنبڕکردنی تیرۆر پێویستمان بەپاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بۆ ئەوەی هێزە عێراقیەکان راهێنانی زیاتریان پێ بکرێت، ئەمەش وادەکات کە لەکاتی جیاواز هاوکاری یەکتر بین، بەتایبەت لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان و وشککردنی داهاتی تیرۆریزم، ئەوەش وادەکات توندڕەوەکان بەردەوامبن لەکردەوە قێزەونەکانیان".

بەرھەم ساڵح وتیشی: ئەوەم بۆ سەرۆک مەکرۆن رونکردەوە کە عێراق دەیەوێت رۆڵێکی کاریگەر لەناوچەکە بگێڕێت،ئەم ناوچەیە دەیان کێشەوشەڕو ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیوە، دەبێت دۆخی ئەمنی سەقامگیر بکرێت و ئەوەش بە چالاککردن و بەرەو باشتکردنی رۆڵی عێراق  مسۆگەر دەبێت. نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێکان، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ هەمو وڵاتان باش بێت و هیچ وڵاتێک دەستوەرنەداتە کاروباری عێراقەوە، کە ئەوەش دەبێتە هۆکاری هاوبەشیکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەو پێشبردنی .

هاوکات ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنساش لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەبێ  سەرکردە عێراقییەکان، بەتایبەت سێ سەرۆکایەتییەکە ئەو قۆناغە راگوزەرە بەباشی و هاوکاریی یەکدی تێپەڕێنن، عێراق دەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەهێز بکرێت. 

مەکرۆن جەختی لەوەش کردەوە کە، فەرەنسا لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر هەمیشە پشتیوانیی عێراق دەکات و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە هاوکاریی عێراق بکات.

ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە گەشتەکەی دا بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین لەپاش بەسەرکردنەوەی لوبنان لە ئێستادا سەردانی عێراقیشی کردووەو خەریکی چاوپێکەوتن و وتووێزە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە.

سەرپەیڤ