کازمی: کارلەسەر داواکاریەکانی هەڵەبجەییەکان دەکەین
سەرۆک وەزیرانی عیراق لەسەردانیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند کە لیژنەیەک بۆ کارکردن لەسەر داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگاکە پێکدەهێنن.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق دوای سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەری هاوڵاتیان لەکۆنگرهیهکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لیژنەیەک پێکدەهێنین بۆ کارکردن لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاکە؟.
وتیشی، "پاڵپشتی هاوڵاتیانی هەڵەبجە دەکەین لەدابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیاندا، هەڵەبجە زامێکە لەویژدانی عێراق و مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە."
سەبارەت بەشایستە داراییەکانی جوتیارانی هەڵەبجە، کازمی وتی، “هیچ جیاوازییەک لەنێوان جوتیارانی ئەو پارێزگایەو پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناکەین و شایستە داراییەکانیان دابەشدەکەین”.
کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لە یاداشتێکی شەش خاڵیدا داواکارییەکانی پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو و داوای کردنەوەی دادگایەکی مەدەنی عێراقی کردبوو بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە.
لەو بارەیەوە لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، "یاداشتەکە چەند خاڵێکی هاوبەشی داواکاری پارێزگای هەڵەبجەی تێدایە و هەندێکیشیان تایبەتن بە چارەنوسی قوربانیانی کیمیاییبارانەکەی هەڵەبجە".
لە یاداشتەکەدا هاتووە، "پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە ڕێککەوتننامەی ڕۆما بۆ دوبارەنەبونەوەی کۆمەڵکوژی، ئەمەش دڵنیایی بە هەموو عێراقییەکان دەدات".
لە خاڵێکی دیکەی یاداشتەکەدا داواکراوە، "حکومەتی عێراق کاری جدی بکات بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە لە ناوە و دەرەوەی عێراق".هەروەها داواکراوە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە کاربکات بۆ دۆزینەوە و سوراغی منداڵە ونبوەکانی هەڵەبجە و دروستکردنی سەنتەرێکی توێژینەوەی DNA پێشکەوتوو.