ڕەخنەی نوێنەرێکی عێراقی لە خۆھەڵقورتاندنی باڵوێزانی عەرەبستان و ئیمارات و ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی عێراق
ئەندامێکی لێژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی عێراق لە ھەڵس و کەوتی باڵوێزانی عەرەبستان و ئیمارات و ئەمریکا لە وڵاتەکەی ڕەخنەی گرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی مەعلومە،«موختار موسەوی» ئەندامی لێژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: دیدارەکانی باڵوێزانی عەرەبستان و ئیمارات و ئەمریکا لە گەڵ شێخەکانی عەشایەر پێشێلکردنی دەستەڵات و سەروەریی عێراق دێتە ئەژمار، چونکو کاتێک کە دەوڵەتی عێراق ئاگای لێ نییە کە دێتە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی و کۆنترۆڵی بوارگەکانی بەدەستەوە نییە، ئەوە دەستەڵات و سەروەریی عێراق پێشێل دەکرێت.
موسەوی وتیشی: لە تەواوی وڵاتانی جیھان باڵوێزەکان ھەڵس و کەوتیان بەرتەسکە و وەزارەتی دەرەوە تەواوی ھەنگاوە دیپلۆماسییەکانیان دەخاتەژێر چاودێرییەوە،کەچی ئێمە شایەتی کردەوەی سەرەڕۆیانەی باڵوێزانی عەرەبستان و ئیمارات و ئەمریکا لە عێراق و دیداریان لەگەڵ کەسایەتییە خێڵەکییەکان و خۆ ھەڵقورتاندنیان لە کاروباری جۆربەجۆرداین.
ئەم نوێنەرەی عێراق جەختیشی کرد: ھۆکاری سەرەکیی تەواوی ئەو ڕووداوانەی وا لە وڵات دا دەقەومێن لاواز بوونی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دیاری نەکرانی ناوەڕۆکی چالاکیی باڵوێزانی بیانی لەم وڵاتەیە.