لە عێراق داوادەکرێت هاوڵاتییان چاودێریی بینینی مانگ بکەن
وەقفی سونی لە عێراق داوا لە هاوڵاتییان دەکات،ئەمڕۆ یەکشەممە چاودێریی مانگ بکەن و هەرکەسێک بینی لیژنەی بینینی مانگ ئاگادار بکاتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش بڕیارە چاودێریی مانگ بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەقفی سونیی عێراق ڕایگەیاندووە، “لیژنەی باڵای بینینی مانگ، لە دیوانی وەقفی سوننی، داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی نیسان، چاودێریی مانگ بکەن”.
وەقفی سوننی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “هەرکەسێک مانگی بینی لیژنەی بینینی مانگ ئاگادار بکاتەوە”.
لەلایەکی دیکەوە ، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی نیسان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانمان لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چاودێریی بینینی مانگ دەکەن”.
وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “بەپێی بەڵگە شەرعی و زانستییەکان، بریار لەسەر دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەدرێت”.