ھێرشی خۆفڕ بۆ سەر بەشی سەربازیی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
بڕێک لە سەرچاوە عێراقییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە باسی ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغداو نزیکی بیناکانی ئەمریکایان کرد.
کەماڵی تەلەگرامیی «سابرین نیوز» لە ھەواڵێکی بەپەلەدا نووسیویەتی: دەنگی قیژۆکەکانی وریاکردنەوە لە بنکەی سێھەمی «ئەلتەوحید» لە باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز بەرز بووەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھێرشێکی توند بۆ سەر بنکەی سێھەمی ئەلتەوحید» لە باڵوێزخانەی ئەمریکا ئەنجامی گرتووە، وای بڵاو کردەوە کە، سیستێمی «سی ئاڕی ئەی ئێم» لە ھەوڵی ئەوەدایە کە ھێرشە توندەکانی سەر بنکەی سێھەمی «تەوحید» بەرپەرچ بداتەوە.
«سابرین نیوز» لە درێژەدا ئەوەشی نووسیوە کە، دوای ئەو ھێرشە، کۆپتەرە سەربازییەکانی ئەمریکا بە بەرزایی باڵوێزخانەکە لە بەغدا دەستیان کردووە بە گەشت لێدان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆزی دووشەممەش بنکەی ئاسمانیی «عەینۆلئەسەد» لە پارێزگای ئەنباری عێراق بە ھۆی ھەشت ڕۆکێتەوە ھێرشی کرایە سەر.