چاووش ئوغلو لە کۆبووەنەوەکانی بەغدا:ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا
مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبووەنەوەکەی بەغدا ڕایگەیاند:ئێمە باش دەزانین کە گروپەکانی وەک داعش و پەکەکە و گولـلەن کێشەیەکی زۆریان دروست کردووە لەم ناوچەیە، بۆیە چیدی قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا،
مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە (٢٨ی ئاب) لەمیانی وتارێکدا لە لوتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی رایگەیاند، "لە ساڵی ٢٠٠٣ ئێمە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی بەرفراوانمان کرد لەسەر ئاستێکی باڵا بۆ ئەوەی کە بتوانین سەقامگیری عێراق بپارێزین، وەکو چۆن هەوڵماندا پاڵپشتی لە عێراق بکەین بەهەمانشێوە ئەمڕۆش پشتیوانی دەکەین، عێراق برای ئێمەیە و هەمومان ئەمە باش دەزانین ئەگەر بێت و عێراق سەقامگیر نەبێت هیچ کەسێک ئاسودە نابێت لە ماڵی خۆی و بە ئاسودەیی لە ماڵی خۆی دانانیشێت و خۆشگوزەران نابێت.
چاوشئۆغلو باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دراوسێ بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی براکانمان لە عێراق دەکەین، لە هەمان کاتدا تورکیا توانیویەتی لەم چوارچێوەیەدا لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتان بێت کە هیچ کاتێک پشتی لە عێراق نەکردوە، تورکیا بە هەمو شێوەیەک هەوڵ دەدات بازرگانی و ئابوری خۆی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات و دەیەوێت دەروازەی سنوری زیاتر بکاتەوە لە روی وشکان و هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی لە موسڵ و جێبەجێکردنی بەنداوی زۆر گەورە، ناکرێت هەموی بە یەکجار جێبەجێ بکرێت بەڵکو هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی بۆ دەدرێت، بۆ ئەمەش زۆر پێویستمان بەوەیە سەقامگیری ئەم وڵاتە بپارێزرێت و پێکەوە دەست لەناو دەست بنێین.
ئەوەشی خستەڕو، "گەشەی ئابوری و بازرگانی ناکرێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بێت و ئەو ئاڵنگاریانەی کە لەناو عێراقدا هەیە بمێنێتەوە بەتایبەتی ئاڵنگاری گروپە چەکدارەکان، کە کێشەیەکی زۆر دروست دەکەن بۆ عێراق و ناوچەکە، ئێمە باش دەزانین کە گروپەکان داعش و پەکەکە و گولـلەن کێشەیەکی زۆریان دروستکردوە لەم ناوچەیە، ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان ئاڕاستەی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی پەکەکە لە عێراق نەمێنێت.