کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کارەبای عێراق دابین دەکات
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەیی بۆ دابین کردنی کارەبای عێراق بۆ ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.
«عەلی ئەکبەر مێحرابیان» وەزیری وزەی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ «ڕەشید مەعمور»ی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە ھەتا ٢٠ ساڵی داهاتوو کارەبای پێویست بۆ عێراق دابین بکات.
ناوبراو ڕاشیگەیاند تاران بۆ داڕشتن و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ بەغدا ئامادەیی هەیە.
وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە ئایەتوڵڵا«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بەردەوام جەخت لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە.
لە درێژەی دیداری نێوان دوو بەرپرسی ئێرانی و عێراقی، هەر دوو لا گەیشتنە ڕێککەوتن کە ڕەشنووسی گرێبەستی فرۆشتنی کارەبا بە عێراق لە لایەن کۆمپانیای تەوانیری ئێرانەوە ئامادە بکرێت و بۆ لێکدانەوەی کۆتایی ڕادەستی لایەنی عێراقی بکرێت.