ڕاگەیەندرانی ناوی پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق
سکرتاریەتی پەرلەمانی عێراق ناوی ٤٠ پاڵێوراوی پەسەندکراوی پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتەی بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووسیا ئەلیەوم، سکرتاریەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ٤٥ کەس بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی وڵات ناویان نووسیوە کە لە نێوانیاندا تەنیا پێنج کەس ڕەت کراونەتەوە.
بە پێی ئەم بەیاننامەیە پاڵێوراوێک مەرجی چالاکیی سیاسی نەبووەو چئار پاڵێوراوەکەی دیکەش بڕوانامەکانیان پشتڕاست نەبووەتەوە.
سکرتاریەتی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەکەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لە نێو ئەوانەی وا ناویان نووسیوە ٤٠ کەسیان بە پێی یاسای بنەڕەتی مەرجی پاڵێوراوەتیی پۆستی سەرۆک کۆمارەتییان تیادایە.
«بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق و «ڕێبەر ئەحمەد بارزانی» وەزیری کاروباری نێوخۆیی ھەرێمی کوردستان وەک پاڵێوراوانی سەرەکیی یەکێتیی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات بژاردەی سەرەکین بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق و ململانێی سەرەکی لەنێوان ئەم دوو کەسایەتییەدایە.