ته‌مووز 24, 2022 07:11 Asia/Tehran
  • کازمی و بارزانی رێککەوتن لەسەر نەوت درێژە بە ھاوکاری و وتووێژ بدەن

‌ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر قوڵکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بەردەوامیدان و درێژەدان بە کارکردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێکی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا کردەوە.

 

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  لە کۆشکی حکومی لەبەغدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی فیدڕال کۆبۆوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی تەواوی دۆسییە نیشتمانییەکان و ئەو پرسانە کرا کە بۆ ژیانی هاوڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگەکانی بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکران، بەو ئاڕاستەیەی کە ئاسایشی خۆراک بۆ تەواوی عێراقییەکان دەستەبەر بکات و بەردەوامی بە دابینکردنی شایستەکانیان بدات و ژیانێکی سەربەرزانەیان بۆ گەرەنتی بکرێت.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە "هەردوولا بە توندی دەستدرێژییەکانی تورکیایان بۆ سەر خاکی عێراق سەرکۆنە کرد، بەتایبەت هێرشی ئەم دواییە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بێتاوان بونە قوربانی، جەختیش لە گرنگی ڕێککەوتن لەسەر دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دەستدرێژییە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کرایەوە، بەو ئاڕاستەیەی کە سەروەری عێراق بپارێزرێت‌ و کار لەسەر ئەوە بکرێت،‌ لە ئایندەدا پێشێل نەکرێت".

ڕاگەیەندراوەکە روونیکردۆتەوە "هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێککەوتن کرا لەسەر قوڵکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیدان و درێژەدان بە کارکردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێکی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەست بهێنێت".

سەرپەیڤ