چوارچێوەی هەماهەنگیی: بە مەرج خۆپیشاندانەکان دەشکێنین
ئەمڕۆ شەممە، چوارچێوەی هەماهەنگیی رایگەیاند، خۆپیشاندانی لایەنگرانیان بەردەوام دەبێت لە دەوروبەری ناوچەی سەوز، تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.
عائد ئەلهلالی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئەلمەعلومە رایگەیاندووە، هیچ مانای نییە پەرلەمان چۆڵ بکرێت دوای هەڵبژاردنێک کە بە ملیۆنان دۆلاری تیادا خەرج کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز خۆپیشاندان دەکەن، سوورن لەسەرجێبەجێکردنی داواکارییە دەستوورییەکانیان و پاراستنی شەرعیەتی دەوڵەت تا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
ئەو سەرکردەیە دەشڵێت، کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان، پەیوەستە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ دەستوور، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی سیاسی بە بڕیاری تاکڕەوانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەروەها پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان تا داواکاریی جەماوەر جێبەجێ بکرێت.