سیاسەتمەدارێکی عێراقی: ئەمریکا هۆکاری زیادبوونی نەخۆشیی شێرپەنجەیە لە عێراق دا
سیاسەتمەدارێکی عێراقی، لە وەڵامی قسەکانی کاربەدەستێکی سەربازیی ڕووسیا سەبارەت بە بەکارهێنانی لاوازکراوی ئەمەریکا لە عێراق، ڕایگەیاند: پێویستە ئەو ڕاپۆرتانە بکرێنە هۆکار و بەڵگە بۆ ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئەمریکا لە عێراق.
دوێنێ ژەنەڕاڵ «ئیگۆر کریلۆڤ» فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی تیشک و کیمیایی و بایۆلۆجیی سوپای ڕووسیا، لە وەڵامی نیازی بەریتانیا بۆ ناردنی تەقەمەنیی ھەڵگری یۆرانیۆمی لاوازبوو بۆ ئۆکرانیا ڕایگەیاند: ئەمریکا 300 تۆن یۆرانیۆمی لاوازبووی لە عێراق دا بەکارهێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئەلمەعلومە،«جەمال حەسەن» لە سەرکردەکانی پارتەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە وەڵامی قسەکانی «کریلۆڤ»دا ڕایگەیاند؛ یۆرانیۆمی لاوازبوو لەو چەکە کوشندانەیە کە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی تا ئێستاش لە عێراق و لە ژینگەی ئەم وڵاتەدا بەدی دەکرێت، ئەمە جیا لە زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەنێو هاووڵاتیانی عێراقیدا.
«جەمال حەسەن» بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشکرای کردوون کارەساتبارن و پێویستە حکومەتی عێراق گرنگییەکی تایبەت بەو بابەتە بدات، وتیشی: ڕۆژانە ڕەهەندێکی نوێی تاوانەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا دەبێت.
بە وتەی ئەم ژەنەراڵە ڕووسییە؛ فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئەمریکی لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ بۆمبای ھەڵگری یۆرانیۆمی لاوازبوویان لە شارەکانی ئەلعیمارە، بەغدا، بەسرە، فەللوجە و تەنانەت کەربەلای پیرۆزدا بەکار ھێناوە.