خێزانە گەڕاوەکانی داعش لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقییەوە رەت دەکرێنەوە
ئەو خێزانانەی داعش کە لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق لەلایەن کۆمەڵگەی ئەم وڵاتەوە رەت دەکرێنەوە.
دوێنێ پێنج شەممە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئەو خێزانانەی داعش کە لە کەمپی هۆڵی سووریاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق لەلایەن کۆمەڵگەی ئەم وڵاتەوە رەت دەکرێنەوە و هەندێکیان ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی وا رێکخراوە تیرۆرستییەکەیان کردوویەتی لەلایەن هۆزەکانەوە تۆڵەیان لێ بسەندرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزان و بنەماڵەی داعشەکان لە کەمپی هۆڵی سووریا پرۆسەیەکی سیاسییە لە حکومەتی عێراق دا لەنێوان ئەوانەی لەگەڵیدان و ئەوانەشی رەتی دەکەنەوە دووبەرەکیی دروست کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو هەوڵەی حکومەتی عێراق پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوایە کە رەتی دەکەنەوە بنەماڵە و کەسوکاری داعشەکان وەربگرنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە عێراق بەنیازە هەموو ئەو کەسانە وەربگرێتەوە.
ھەر لەم پەیوەندییەدا «سەعید جەیاشی» راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وتوویەتی: ئامانجی عێراق تەنیا گەڕاندنەوەی بنەماڵەی داعشەکان نییە، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکەی داخستنی کەمپی هۆڵە، چونکە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست کردووە.