جێگری پارلمانی عێراق: تیپی ٢٠ی هاوبەش چالاکی خۆی دەست پێ دەکاو لەمانگی داهاتوشەوە مووچە وەردەگرن
جێگری دووهەمی پارلمانی عێراق ڕایگەیاند کە فەرمانی دەست بەکار بوونی تیپی بیستی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەرتەشی عێراق دەرکراوەو سەرەتاکانی مانگی داهاتوو مووچەی خۆشی وەردەگرێ.
شاخەوان عەبدوڵڵای نوێنەری پارتی لە پارلمانی عێراق لەمیانەی پەیامێک لە فەیس بووکەکەی دا ڕایگەیاند کە سەردانی ژینڕاڵ عەبدولئەمیر یاروڵڵای کردوەو لەو کۆبوونەوەدا بڕیاردراوە لەسەر گەڵاڵەی پێکهاتنی تیپێکی هاوبەش لە هێزەکانی ئەرتەشی عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێم.
جێگر دووهەمی پارلمانی عێراق وتی کە تیپی بیست هێزێکی هاوبەشە کە بەئامانجی پرکردنەوەی بۆشایە ئاسایشیەکانی نێوان ئەرتەش و هێزی پێشمەرگە پێک دێ چونکە تیرۆریستەکانی داعش زۆرجار لە بۆشایی نێوان ئەو دوو هێزە بۆ مەبەستەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو هێزە پێکهاتوو لە سێ هەزارو حەوتسەد پێشمەرگەیە کە مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دەدرێ.