دەستگیرکردنی “جەلاد نۆگرە سەلمان”؛ ئومێدێکی نوێ بۆ دادگەری لە ئەنفال
دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تەکریتی ناسراو بە "جەلاد نۆگرە سەلمان"، یەکێک لە بەدناوترین تاوانبارانی دڕندەکاریەکەی ئەنفالکردن لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، دوای چەندین ساڵ لە هەڵاتن، دەلاقەیەکی لە هیوای بۆ بە جێ ماوان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە عێراق کردۆتەوە.
پەری نوری، ڕاوێژکاری نوسینگەی سەرۆک کۆماریەتی عێراق ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی عەجاج تەکریتی دوای بەدواداچوونی ورد و نەهێنیانەی هەشت مانگە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بە هاوکاریی نزیکی نووسینگەی خاتونی یەکەمی عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەنجامدراوە. عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە خەڵکی شاری تکریتە و لە هۆزی ئەلبوناسر وتایفەی نزار - کە هەمان هۆزی سەدام حسێنە. ناوبراو بە هۆی جەنایەتە ترسناکەکانی لە زیندانی نۆگرە سەلمان ” لای زیندانیانی کورد بە حەجاج ناسرابوو. ئەم زیندانە دەکەوێتە باشووری عێراق لە نزیک سنووری عەرەبستان، یەکێک بووە لە ناوەندە سەرەکییەکانی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی قوربانیانی جەنایەتەکەی ئەنفال لە ساڵی 1988 دا .