نوسەر و وەرگێڕێکی کورد پەتای کۆرۆنای تێپەڕاند
توانا ئەمین، نوسەر و وەرگێڕی دیاری کورد رایگەیاند، دوای ئەوەی ١٠ی حوزەیران توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ڕۆژی سێشەممە ئەنجامی پشکنینەکەی نێگەتیڤ بووە و وادیارە پەتاکەی تێپەڕاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی خەندان، «توانا ئەمین»، نوسەر و وەرگێڕی دیاری کورد لە پەرەی خۆی لە فەیسبوک دا ڕوو لە ھۆگرانی خۆی رایگەیاندووە: سوپاس بۆ هەواڵ پرسینی گەرمتان، سوپاس بۆ هاوخەمیتان من ئێستا باشم و وا کۆرۆنامان تێپەڕاند.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو کە هەر کە یەکەم ڕۆژ نەخۆشییەکەی گرتووە "بە خۆی وتووە ئەمەش تێدەپەڕێنین، جا ژیان بە هیچ شتێک دەهری نابێت بەوە نەبێ پێی بڵێی، ئەمەش تێدەپەڕێنم!، جارێکی دیکە سوپاس بۆ خودا و بۆ دڵسۆزی هەموتان".
ئەو نوسەرە دیارەی کورد کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە داوای لە هاوڵاتیان دەکرد پابەندی رێنماییە پزیشکییەکان بن راشیگەیاند، پێویستە هاوڵاتیان کاتێک توشی ئەم پەتایە دەبن ورەیان بەرزبێت، رەنگە پەتاکە کەمێک زیاتر ماندوت بکات، بە بەراورد لەگەڵ ئەنفلۆنزای ئاسایی، بەڵام هێندەش مەترسیدار نییە کە بەشێک لە هاوڵاتیان لێی ترساون.